حووسییەکان: ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا، ئیسرائیل ناگرێتەوە
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حووسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن، ئەو ڕێککەوتنەشی لەگەڵ ئەمەریکا کردوویانە ئیسرائیل ناگرێتەوە، سازشەکەشیان خزمەت بە پرسی فەڵەستین دەکات.
چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، محەممەد عەبدولسەلام، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حووسییەکانی یەمەن بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: ڕیککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک ئیسرائیل ناگرێتەوە. گوتیشی: تاوەکوو ئیسرائیل ڕێگر بێت لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، هێرشەکانییان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.
هەروەها ئاماژەشی دا، ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتن خزمەت بە پرسی گەلی فەڵەستین دەکات و ئیسرائیل شەرمەزار دەبێت.
دوای لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ لە بارەی ئاگربەستی لەگەڵ حووسییەکان، بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆ و پەیوەندییانەی ئەم دوایانەی حووسییەکان و ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوە توندوتیژییەکان، ئەو دوو لایەنە گەشتەنە ئاگربەست.
گوتیشی: ئەمەریکا و حووسییەکان ڕێککەوتن هێرشەکانیان لە دژی یەکتر ڕابگرن و چیتر حووسییەکان نەبنە هەڕەشە و ڕێگر جوڵەی بازرگانیی دەریایی، لە دەریای سوور.
محەممەد عەبدولسەلام گوتەبێژی حووسییەکان ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر ئەمەریکا هێرشەکانی دەست پێ بکاتەوە، ئەوانیش ئاگربەستەکە دەشکێنن دەست بە هێرشەکانیان دەکەنەوە.
ڕۆژی سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، حووسییەکان بڕیاریانداوە خۆیان ڕادەست بکەن و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا ڕادەگرن، هەربۆیە ئەمەریکاش هێرشەکانی لە دژی حووسییەکان ڕادەگرێت.