هیندستان ئۆپەراسیۆنەکەی سەر پاکستانی بە " سیندوور" ناو برد
ڕاگەیاندنی هیندستان هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر پاکستان بە "ئۆپەراسیۆنی سیندوور"، ناوبرد و دەشڵێت: دەلهی وەک پەیامێک ئاڕاستەی پاکستانی کردووە.
بەگوێرەی میدیاکانی هیندستان، "سیندوور" پاودەرێکی سوورە، بە شێوەیەکی نەریتی ژنانی هیندیی خێزاندار بەکاری دەهێنن، وەک هێمایەک بۆ ژیانی هاوسەرگیری و لە پێشەوەی سەریان دەدرێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی کیرالا کاومودی، هەڵبژاردنی ئەم ناوە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەڵگری پەیامێکی ڕەمزی بەهێزە، ڕەنگدانەوەی ئیرادەی هیندستانە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی قوربانییەکان و پاراستنی کەرامەتی ئەو ژنانەی هیندستان کە لە کاتی هێرشەکاندا هاوسەرەکانیان لەدەستداوە.
درەنگانی شەوی سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، سوپای هیندستان ڕایگەیاند "زیاتر لە نۆ پێگەمان لە خاکی پاکستان بۆردومان کردووە، ئۆپەڕاسیۆنەکە بۆ بە ئامانجکردنی ژێرخانی تیرۆرە" .
سوپای پاکستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، هیچ فڕۆکەیەکی هیندستان سنووری نەبەزاندووە و وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە، هەروەها بەهۆی هێرشەکەی هیندستانەوە، هەشت هاووڵاتی مەدەنی کوژران و 35ـی دیکەش بریندار بوون و دووکەسیش بێسەروشوێن بوون.
گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان دوای هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 هات، کە چەکداران لە پاهالگام، لە کشمیر 26 کەسیان کوشت، کە ئەو ناوچەیە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوە دەبرێت. بەڵام هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی هێرشەکەی نەخستە ئەستۆی خۆی؛ هەرچەند نیودەلهی، ئیسلامی ئابادی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەو لە پشت هێرشەکەوەیە، لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی پاکستانیش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکەنەوە.