لە ھەولێر رۆژانە زیاتر لە 10 كەس بۆ بەخشینی پلازما سەردانی بانكی خوێن دەكەن

"پلازما ھەموو چاكبووەكان شیاو نییە"

K24 ھەولێر

سەرپەرشتیاری پزیشكی لە بانكی خوێن لە ھەولێر رایدەگەیەنێت، لە دوای جەژن و ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا، رۆژانە زیاتر لە 10 كەسی چاكبوو لە كۆرۆنا بە مەبەستی بەخشینی پلازما سەردانیان دەكەن.

د. ھونەر عومەر، سەرپەرشتیاری پزیشكی لە بانكی خوێن-ی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەدوای جەژن و بانگەوازی وەزارەتی تەندروستی بۆ بەخشینی پلازما، تائێستا 67 كەس بە مەبەستی بەخشینی پلازما ھاتوونەتە بانكی خوێن، لەو ژمارەیەش تەنھا 32 كەس توانیویانە پلازما ببەخشن، ئەوانی دیكە رەتكراونەتەوە، زۆربەیان ھێشتا دژەتەنیان دروست نەكردووە".

روونیكردەوە: "لەم رۆژانەی دواییدا رۆژانە زیاتر لە 10 كەسی چاكبوو لە كۆرۆنا بۆ بەخشینی پلازما بە تووشبووان سەردانی بانكی خوێن دەكەن".

د. ھونەر، جەختیكردەوە: "ھەموو ئەو كەسانەی كۆرۆنایان تێپەڕاندووە، شیاونین بۆ بەخشینی پلازما، چونكە چەند فلتەرێك ھەیە، دوا فلتەر دروستكردنی دژە تەنە، نیوەی ئەو كەسانەش لەو فلتەرە دەرناچن".

لەبارەی جیاوازی لە ھەبوونی پلازما لە جۆرێك بۆ جۆرێكی دیكە گوتی: "وەك چۆن ژمارەی نەخۆشەكان لە گرووپی AB كەمە بە ھەمانشێوە پلازماش لەو گرووپە كەمترە، بەڵام ئەگەر زۆر پێویست بووین دەتوانین پلازما لە گرووپەكانی دیكە بەكاربێنین. چونكە پلازما وەك خوێن زۆر كێشە نییە لە جیاوازی گرووپەكان".

د. ھونەر، ئاماژەی بەوەشدا: "پلازمای ھەر كەسێكی چاكبوو دەتوانرێت بۆ سێ تووشبوو بەكاربھێندرێت".

داواشی كرد، ئەو كەسانەی كە چاكبوونەتەوە و تەندروستیان باشە سەردانیان بكەن، بۆ ئەوەی پشكنینی خوێنیان بۆ بكەن، بۆ ئەوەی ئەگەر دژە تەنیان دروستكردووە پلازما ببەخشن بە تووشبووان و لە مردن رزگاریان بكەن.

ھ.م