بازاڕی کوران نۆژەن دەکرێتەوە

پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بازاڕی کوران، یەکێکە لەو بازاڕە میللییانەی ڕۆژانە هاووڵاتییەکی زۆر سەردانی دەکەن، بۆیە بڕیارمان دا ئەوبازاڕە نۆژەن بکەینەوە."
سەرۆکی شارەوانی دەڵێت: بنمیچی ئەو بازاڕە بە جەمەلۆن دروست کراوە، ئێستا ئەو بنمیچە تێک چووە، بۆیە بڕیار دراوە لەسەر ئەرکی شارەوانی بەڕیژەی سەدا 15 نۆژەن بکرێتەوە.
دەشڵێت: تا ئێستا تەندەرەکەی بۆ هیچ بەڵێندەرێک دەرنەچووە، هەرکاتێک ئەو تەندەرە دەرچوو، دەبێت بە ماوەی 90 ڕۆژدا کۆمپانیای جێبەجیێکار نۆژەنکردنەوەکەی تەواو کات.
کارزان هادی، ڕاشیگەیاند "ئێمە تەندەرەکەمان ڕاگەیاندووە، بەڵێندەر دێن تەندەرەکان دەبەن و هەریەکەیان نرخی خۆی لێ دەدات ئەوکاتەی تەندەر دەگەڕێتەوە لامان، ئێمە لیژنەیەکمان هەیە لە هەموو لایەنە پەیوەندییدارەکان پێک هاتووە و وردبینی بۆ دەکەن دوای ئەوە گرێبەست دەکرێت."