8 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر تووشی كۆرۆنا بوون

سەرۆكی ئەنجومەن و سەرۆكی فراكسیۆنێك لەنێو تووشبووان ھەن

K24 – ھەولێر

8 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر و زیاتر لە چوار فەرمانبەر تووشی كۆرۆنا بوون، ئەمەش ئاستەنگی بۆ كاروباری رۆژانەی ئەنجومەن دروستكردووە.

كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھەر یەك لە سەرۆكی ئەنجومەن و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و ژمارەیەكی دیكە لە ئەندامان و فەرمانبەرانی ئەنجومەن تووشی كۆرۆنا بوونە، ئەمەش وایكردوە ئاستەنگ بۆ كارەكانمان دروست بێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "لەم ماوەیەدا لیژنەكانی ئەنجومەن بەتایبەتی لیژنەی تەندروستی بۆ چاودێریكردنی دۆخەكە بەردەوام لە دەرەوە و لەناو خەڵكدا بوونە، رەنگە ئەمە ھۆكارێك بێت بۆ تووشبوونی ئەندامانمان".

تائێستا زیاتر لە 16 ھەزار كەس لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە، لەو ژمارەیەدا 623 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 10 ھەزار كەسیش چارەسەر كراون.

ھ.م