"رێژەی كڕینی زێڕ لە پرۆسەی ھاوسەرگیری كەمبووەتەوە"
گوتەبێژی سەندیكای زێڕەنگەرانی ھەولێر: خەڵك زیاتر زێڕ دەفرۆشنەوە
K24 – ھەولێر
گوتەبێژی سەندیكای زێڕەنگەرانی ھەولێر رایدەگەیەنێت، ئێستا بەراورد بە ساڵانی رابردوو ئەو كەسانەی ھاوسەرگیری دەكەن زێڕی كەمتر دەكڕن.
ھەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیكای زێڕەنگەرانی ھەولێر لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژباش بە كوردستان24ی راگەیاند: "بە گشتی ئێستا رێژەی كڕینی زێڕ لە بازاڕ كەمبووەتەوە، لەبەرامبەردا فرۆشتن زیادیكردووە، ئەمەش بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە".
ئاماژەی بەوەشدا: "ئێستا جگە لەو كەسانەی كە ھاوسەرگیری دەكەن خەڵكی دیكە زێڕ ناكڕێت، ژمارەی ئەو كەسانەش كە ھاوسەرگیری دەكەن كەمبووەتەوە، ھاوكات رێژەی ئەو زێڕەی بۆ پڕۆسەی ھاوسەرگیری دەكڕدرێت بەراورد بە ساڵانی پێشتر كەمترە".
گوتەبێژی سەندیكای زێڕەنگەرانی ھەولێر ئەوەشی خستەڕوو: "بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ پەیوەندی بە خواستەوە ھەیە، ھاوكات سیاسەت و پەیوەندی وڵاتە زلھێزەكان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی زێڕ ھەیە".
لەبارەی خواست لەسەر جۆری زێڕ لە بازاڕەكانی كوردستان گوتی: "لە ھەولێر و دھۆك زیاتر خواست لەسەر زێڕی عەیار 21 ھەیە و لە سلێمانی زیاتر خواست لەسەر عەیار 18 ھەیە كە لە رۆژھەڵاتی كوردستانیش عەیار 18 باوە".
ھەندرێن وەرتی، راشیگەیاند: "فرۆشتنەوەی زێڕ لە بازاڕ زۆربووە، ئەمەش بۆ بەرزبوونەوەی نرخ دەگەڕێتەوە، چونكە ئەوانەی پێشتر زێڕیان كڕیووە ئێستا دەیفرۆشنەوە قازانجی زۆر دەكەن".
سەبارەت بە خواست لەسەر كانزاكانی دیكە گوتی: "لە ھەرێمی كوردستان زیاتر خواست لەسەر زێڕە، بۆ نمونە ئەڵماس لێرە خواستی لەسەر نییە".
گوتیشی: "وەستای باشی زێڕ لە ھەرێمی كوردستان ھەیە و ئەو زێڕەی دروستی دەكەن كوالێتی زۆر باشە".