میدیاکانی ئەڵمانیا: ڕاپەر و هونەرمەند، خەتەر لە ماڵەکەیدا بە مردوویی دۆزرایەوە

میدیا ئەڵمانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، ڕاپەر و هونەرمەندی ئەڵمانی بەڕەچەڵەک کورد، خەتەر لە ماڵەکەیدا بە مردوویی دۆزراوەتەوە، بەڵام هێشتا هۆکاری مردنەکەی ئاشکرا نەکراوە .

هەینی 9ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، ڕاپەر و هونەرمەند و بازرگان، ژیوار حاجبی تەمەن 43 ساڵ و ناسراو بە (خەتەر)، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی لە ماڵەکەیدا لە بەرلین بە مردوویی دۆزرایەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەڵمانییەکە تاوەکوو ئێستا هۆکاری مردنی نەزانراوە.

هونەرمەند خەتەر  لە شاری سنەی ڕۆژهەڵات کوردستان لە دایکبووە، لە منداڵییەوە بە خێزانی کۆچیان بۆ ئەڵمانیا کردووە. خەتەر لەگەڵ هاوژین و پێنج منداڵەکەی لە کۆڵن لە ئەڵمانیا دەژیا.

هەر لە بارەی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە، بەکر شیوانی، نووسەر و وەرگێڕ نیشتەجێی ئەڵمانیا لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 گوتی: خەتەر ساڵی 2015 بیرەوەرییەکانی خۆی بە زمانی ئەڵمانی لە دوو توێی کتێبێکدا بە ناوی "هەمووی یان هیچ" بڵاو کردووتەوە و کتێبەکەی فرۆشێکی باشی هەبوو.

هەروەها ئاماژەیداوە، فاتیح ئاکین، دەرهێنەری ئەڵمانی بەڕەچەڵەک تورک بە پشتبەستن بە کتێبی بیرەوەرییەکانی خەتەر، فیلمی درامایی "زێڕی ڕاین"ـی بەرهەمهێنا، کە لەلایەن بینەرانەوە پێشوازییەکی زۆری لێکرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەکر شیوانی، خەتەر لەپاڵ کاری هونەریدا، بازرگانیشی دەکرد و لە گەورە شارەکانی ئەڵمانیا خاوەنی کۆمەڵێک ڕێستورانت و قاوەخانە و کۆگای مۆدە بووە، بەمەش هەلی کاری بۆ دەیان کەس ڕەخساندووە.