دیبلۆماتکارێکی فەرەنسی: ئاگربەستی ئۆکرانیا لە ئانوسات دایە

دیبلۆماتکارێکی فەرەنسی ڕایگەیاند، ئەورووپا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکا لە هەوڵی ئامادەکردنی پێشنیازێکن بۆ ئاگربەستی جەنگی ئۆکرانیا، هۆشداریشیدا، ئەگەر ڕووسیا پێشنیازەکە ڕەت بکاتەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک سزا دەکرێتەوە.

هەینی 9ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری دیبلۆماتکارێکی فەرەنسی بڵاوی کردووەتەوە، پرۆژە هاوبەشەکەی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا بەمەبەستی ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ.

هەروەها ئاماژەشی داوە، هێشتا پرۆژەکەمان تەواو نەکراوە، بەڵام گەشتوونەتە خاڵێک کە ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر چەند مەرجێک کۆکبن. گوتیشی: ئەگەری هەیە لەم نزیکانەدا، ئاگربەست ڕابگەیەنرێت کە لەوانەیە بۆ 30 ڕۆژ یان جێبەجێ کردنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست بێت.

سەرچاوەکە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، تاوەکوو ئێستا یەکلا نەبوونەتەوە ئاگربەستەکە تاکلایانە ڕابگەیەنرێت یاخود بۆ ماوەیەک کات بە ڕووسیا دەدرێت، چونکە ئەگەر مۆسکۆ پێشنیازەکە ڕەت بکاتەوە ئەوە ئەمەریکا و ئەورووپا بە هاوبەشی سزای توندی بەسەری دەسەپێنن.

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا داوای کردبوو جەنگ بۆ ماوەی 30 ڕۆژ بەبێ مەرج ڕابگیرێت، ئەگەر هەر لایەنیکیش ڕێز لە داواکە نەگرێت، ئەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکان سزای زیاتر بەسەر لایەنی کەمتەرخەم دەسەپێنن.