ویتکۆف: دانوستانی گەڕی چوارەم بەرهەمدار نەبێت لەگەڵ تاران بەردەوام نابین

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دا ئەگەر پێشنیازەکانی ئێران لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی بەهێز نەبوون، ئەوە دەستبەجێ لە دانوستانەکان دەکشێنەوە، جەختیشی کردەوە، نابێت بەهیچ شێوەیەک بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەردەوام بێت.

هەینی 9ـی ئایاری 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران دەکات، لە بارەی گەڕی چوارەمی دانوستان ڕایگەیاند، ئەگەر دانوستانیان لەگەڵ تاران بەرهەمدار نەبوو، ئەوە دریژە بە دانوستانەکان نادەن و ڕێگەیەکی دیکە دەگرنەبەر.

هەروەها ئاماژەشی دا، بە ڕێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران ڕازی نابن و لە دانوستان دەکشێنەوە ئەگەر پێشنیازەکان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەهێز نەبوون.

ستیڤ ویتکۆف هۆشداریشی دا، دەبێت ناوەندە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فەردوو و ئەسفەهان لە چالاکی ئەتۆمی دابماڵرێن و نابێت بەهیچ شێوەییەک بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەردەوام بێت.

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەش کرد، ئێران ڕازی بووە، نەبنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوان ئەو هەڵوێستە بە جددی وەردەگرن.

هه‌ینی، 9ـی ئایاری 2025، ئاژانسی "ته‌سنیم"ـی ئێرانی بڵاوی كردبووه‌وە، گه‌ڕی چواره‌می دانوستانه‌ ناڕاسته‌وخۆكانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو، 11ـی ئایار به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ئاژانسی "ته‌سنیم"ـی ئێرانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو‌، ئه‌م گه‌ڕه‌ی دانوستانه‌كان له‌ مه‌سقه‌تی پایته‌ختی عوممان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.