سەرۆک وەزیرانی پاکستان: وەکوو سەرەتایەک بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانی ناوچەکە سەیری ئاگربەستەکە دەکەین

سەرۆک وەزیرانی پاکستان ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات و ڕایگەیاند: پاکستان وەکوو سەرەتایەک بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانی ناوچەکە سەیری ئاگربەستەکە دەکات.

شەممە 10ـی ئایاری 2025، شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی ئەمەریکای کرد و گوتی: سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەکەم، بۆ ڕۆڵە کاریگەرەکەی لە ڕاگەیاندنی ئاشتی لە ناوەچەکە.

هەروەها ئاماژەشی دا، پاکستان نێوەندگیریی ئەمەریکا بەرز دەنرخێنێت. هاوکات ئێمەش بۆ بەرژەوەندیی و سەقامگیری ناوچەکە ئاشتییمان قبووڵ کرد.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی پاکستان سوپاسی هەوڵەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات بۆ هەوڵەکانیان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە باشووری ئاسیا.

شێهباز شەریف باسی لەوەش کرد، پاکستان وەکوو سەرەتاییەک بۆ چارەکردنی ئەو ناکۆکیانەی کە بووتە ئاستەنگ لەبەردەم ئاشتی و سەقامگیری و سەرەوەی ناوچەکە سەیری ئەو ئاگربەستە دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە ڕاگەیەندراوێکدا لەو بارەیەوە ئاماژەی داوە، ئامادەنە بچنە نێو گفتوگۆیەکی گشتگیر و دیبلۆماسییەکی بونیادنەر لەگەڵ هندستان بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوانیان.

شەممە، 10-05-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی  تروس نووسیبووی: بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم، دوای دانوستانەکان بە نێوەندگیری ئەمەریکا، هیندستان و پاکستان لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر ڕێککەوتوون. 

ماوەی چەند ڕۆژێکە هیندستان و پاکستان بۆمبارانی پێگە سەربازییەکانی یەکدی دەکەن و بەهۆیەوە لانیکەم 50 کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەر بەهۆی شەڕەکەوە دەیان فڕۆکەخانە لەو دوو وڵاتە لە کار کەوتوون. 

ئەم شەڕە دوای ئەوە هات کە دوو هەفتە پێش ئێستا لە بەشی کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان، گرووپێکی چەکدار هێرشی کردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و 26 کەسیان کوشت. دوای ڕووداوەکە، هیندستان، پاکستانی بە هاوکاریی ئەو گرووپە تۆمەتبار کرد و ئەویش ڕەتی کردەوە. 

هەرێمی کیشمیر دەکەوێتە نێوان هەر سێ وڵاتی هیندستان، پاکستان و چین. هیندستان 55% و پاکستانیش 35%ی هەرێمەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.