گراهام ئارنۆڵد لە یەكەمین لێدوانی دا وەڵامی كوردستان24 دەداتەوە

ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق: هاتووم بۆ ئەوەی عێراق بگەیەنمە مۆندیال

گراهام ئارنۆڵد راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵ وەرگێرە عەرەبەكەی
گراهام ئارنۆڵد راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵ وەرگێرە عەرەبەكەی

گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە یەكەمین لێدوانیدا وەكو راهێنەری نوێی شێرەكانی رافیدەین وەڵامی كوردستان24ـی دایەوە و رایگەیاند دەبێـت رابردوو لەبیر بكەین و یاریزانەكان بۆ داهاتوو ئامادە بكەین، دەشڵێت: متمانەتان بە ئێمە هەبێت، من وەكو راهێنەر ئەزموونی رووبەڕووبوونەوەی كۆریای باشوورم هەیە و دەمەوێت خەونی عێراقییەكان بهێنمە دی.
ئەمڕۆ شەممە، 10 ئایاری 2025، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە فەرمی گراهام ئارنۆڵدی ئوسترالی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی وەكو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق ناساند.
شڤان جەباری پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رووماڵی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی كرد و پرسیارێكی لەبارەی ئەوەی كە ئایا سەیری دوو یاریی رابردووی عێراقی بەرامبەر كوێت و فەڵەستین كردووە و كام یاریزانی عێراق سەرنجی راكێشاوە؟
لەمبارەیەوە گراهام ئارنۆڵدی ئوسترالی بە كوردستان24ـی گوت بە بەڵێ سەیری دوایین دوو یاریی هەڵبژاردەی عێراقم كردووە، بەڵام نامەوێت باسی هیچ شتێكی رابردووی هەڵبژاردەی عێراق بكەم و بچمە نێو وردەكارییەكان، تەنیا دەمەوێت زیاتر قسە لەسەر داهاتوو بكەم، زیاتر دەمەوێت لەڕووی دەروونییەوە یاریزانەكان ئامادە بكەم و وایان لێ بكەم رابردوو لەبیر بكەین، گرینگترین شت لەم قۆناغە تەنیا بەخشینی هێز و وزەیە بە یاریزانەكان و دروستبوونی هەستی متمانە بەخۆبوونە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، گرهام ئارنۆڵدی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند ئەو ئەزموونی رووبەڕبوونەوەی كۆریای باشووری هەیە، دەشڵێت: پێویستە تەواوی رۆژنامەنووسان و هاندەران و وەرزشوانانی عێراق متمانەیان بە ئێمە هەبێت، هاتوومەتە ئێرە بۆ یەك ئامانج ئەویش گەیاندنی عێراقە بۆ مۆندیال، بەڵام ئەگەر متمانەتان بە ئێمە نەبێت ئەركمان قورس دەبێت، بۆیە پێویستیم بە پشتگیری هەموو لایەكە،  لەگەڵ عەدنان درجال بە وردی گفتووگۆمان كردووە بۆ ئەوەی پلە بە پلە ئاستی عێراق بەرەو سەرەوە ببەین و ئامانجی یەكەم و كۆتایی ئێمە بەدیهێنانی خەونی عێراقییەكانە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئارنۆڵد هێمای بۆ ئەوە كرد كە شانازی بەخۆی دەكات كە دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، گوتیشی: زۆر رێز لە یاریزانانی نێوخۆیی خولی عێراق دەگرم، دەبێت لە نزیكترین كات كەمپێكی مەشقی بە رێككەوتن لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئەنجام بدەین.
ئارنۆڵد پەیامێكی بۆ یاریزانەكانی هەڵبژاردەی عێراق نارد و گوتی: من دەمەوێت ببمە باوكی یاریزانەكان، من سەرۆكی ئەوان نیم، هاتووم یارمەتیان بدەم بۆ ئەوەی خەونەكەیان بكەمە راستی.
گراهام ئارنۆڵدی تەمەن 63 ساڵ، پێشتر وەكو راهێنەر هەڵبژاردەی ئوسترالیای گەیاندە قۆناغی 16ـی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، لەگەڵ ئوسترالیا لە كۆی 56 یاری، 36 بردنەوە، 13 شكست و 7 یەكسانی تۆمار كردووە.