زێلێنسکی سوپاسی ترەمپ دەکات

سەرۆکی ئۆکرانیا، ستایشی سەرۆکی ئەمەریکای کرد لەسەر ئەوەی لە هاوکاری و پشتگیرییەکانی بۆ وڵاتەکەی بەردەوامە. گوتیشی: هەڵوێستی ئەمەریکا لە کۆبوونەوە سەرکردەکانی ئەورووپا لە ئۆکرانیا باشترین دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەبوو.

شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردانی ئەورووپا لە کۆنگەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا دەکەم بۆ بەردەوامیدان بە هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و پشتگیرییە بەردەوامەکەی.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەشی دا، ئۆکرانیا پەیوەندییەکی بونیادنەری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و تیمی دانوستانکاردا هەیە. دواتر لەبارەی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە قسە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دەکەم.

زێلێنسکی باسی لەوەش کرد، یەکێک لە دەرئەنجامە هەرە گرنگەکانی ئەو کۆبوونەوەیە هەڵوێستی ئەمەریکا لەسەر ئاگربەستی بێ مەرجەی 30 ڕۆژە بوو کە دەرفەتێکی ڕاستەقینە دەداتە دیپلۆماسییەتی نێوانمان. گوتیشی: بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەمان ئەو کۆبوونەوەیە گرنگ بوو.

شەممە 10ـی ئایاری 2025، سەرکردەکانی فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، پۆڵەندا، لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، کۆبوونەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، گوتی: وڵاتانی ئەورووپا پشتیوانیی لە کیێڤ دەکەن، هەروەها بڕیاریان داوە پشتگیری لە پێشنیازی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی 30 ڕۆژە بکەن لەپێناو وەستانی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، کە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات.