هیندستان، پاكستان به پێشێلكردنی ئاگربهست تۆمەتبار كرد و ئهویش ڕەتی كردهوه
دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، وەزیری دەرەوەی هیندستان ڕاگەیاند، پاکستان ئاگربەستی پێشێل کردووە، بەرپرسانی پاکستانیش ڕەتی دەکەنەوە هیچ پێشێلکارییەکیان کردبێت.
شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڤیکرام میسری، وەزیری دەرەوەی هیندستان ڕاگەیاند، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا پاکستان چەندین جار ئاگربهستیان پێشێل کردووە. گوتیشی: هێزە چەکدارەکان وەڵامێکی گونجاویان بۆ ئەو پێشێلکارییانە دەبێت.
هاوکات هۆشداریشی دا کە هێزە چەکدارەکان چاودێریی دۆخەکە دەکەن و بەهێزەوە مامەڵە لەگەڵ دووبارەبوونەوەی هەر پێشێلکارییەك دەکەن، بۆیە داوا لە پاکستان دەکات هەنگاوی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو پێشێلکارییانە بگرێتەبەر و بە جیددی و بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات.
له ههمان كاتدا شههباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: ڕووبەڕووی ئالنگراییەک بووینەوە کە هەڕەشە بوو بۆ سەر ئازادیمان، بەڵام شکستمان بە دوژمن هێنا و لە شەڕەکە سەرکەوتین.
گوتیشی: هیندستان خەڵکی بێتاوانی کوشت و هێزەکانمان پارێزگارییان لە نەتەوەکەمان و سەرچاوەکانمان کرد.
هەروەها باسی لەوە کرد، بنکە سەربازی و ئاسمانییەکانی هیندستانیان تێکشکاند و ژمارەیهک فڕۆکەی ئهو وڵاتهیان خستە خوارەوە.
ئاماژەشی دا، هاوبەشیکردنی ئاو و پرسی کشمیر و هەموو بابەتهکانی دیکە چارە دەکەین.
مهریەم ئاورەنگزێب، وەزیری ڕاگەیاندن و زانیاری پاکستان وەڵامی هیندستان دەداتەوە و گوتی: هیچ پێشێلکارییەکمان لە ئاگربەستەکە نەکردووە.
شەممە، 10-05-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیبووی: بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم، دوای دانوستانەکان بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، هیندستان و پاکستان لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر ڕێک کەوتوون.