مارکۆ ڕوبیۆ بەشداریی گەشتەکەی ترەمپ بۆ سعوودیە و قەتەر دەکات
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەم هەفتەیە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی وڵاتە عەرەبییەکان دەکات و لە مانگی داهاتووش بەشداریی لووتکەی ناتۆ دەکات.
یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بەشداریی لووتکەی ئەم ساڵی ناتۆ لە شاری لاهای لە هۆڵەندا دەکات کە بڕیارە لە مانگی حوزەیران بەڕێوە بچێت.
وەزارەتەکە ئاماژەشی داوە، مارکۆ ڕوبیۆ پەیامی دۆناڵد ترەمپ بە ئەندامی هاوپەیمانەکە دەگەینێت، کە باس لە بەشداریکردنێکی دادپەروەرانە لەلایەن ئەندامانی هاوپەیمانییەکە دەکات بۆ ئەوەی ناتۆ بەهێزتر ببێت و کاریگەریی زیاتر بێت.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە 11 تاوەکوو 14ـی ئایار سەردانی سعوودییە و قەتەر دەکات.
هەینی 9ـی ئایاری 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: "سەرۆك ترەمپ چاوی لە گەڕانەوە مێژووییەکەیەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەفتەی داهاتوو سەردانی سعوودیە، قەتەر و ئیمارات دەکات و لەوێ سەرنجی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان دەبێت."
باسی لەوەش کرد، هەشت ساڵ لەمەوبەر سەرۆك ترەمپ سەردانی ئەو ناوچەیەی کرد و ستراتیژییەتی ئاشتی لە ڕێی هێزەوە بۆ سیاسەتی دەرەوە پێشکەش کرد، هەروەها لەو گەشتەیدا سەرۆك ئامانجی خۆی بۆ لەناوبردنی تیرۆر و توندڕەوی لە ناوچەکە باس کرد کە لە ماوەی ئیدارەکەیدا بە تێکشکاندنی تەواوەتی داعش و واژۆکردنی رێککەوتنامەی ئیبراهیمی، بە سەرکەوتوویی ئامانجەکەی بەدەست هێنا.