قەتەر فڕۆکەی شاژنی ئاسمانەکان بە دیاریی دەداتە ترەمپ
بڕیارە خێزانی شاهانەی قەتەر دیارییەکی گرانبەها پێشکەشی سەرۆکی ئەمەریکا بکات، بەشێوەییەک کە دەبێتە بە نرخترین دیاری کە بدرێتە سەرۆکی ئەمەریکا.
یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی ABCـی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە خێزانی شاهانەی قەتەر لە سەردانی دۆناڵد ترەمپ بۆ وڵاتەکەیان، فڕۆکەیەکی تایبەت و شاهانە لە جۆری (Boeing 747-8) وەکوو دیاری پێشکەشی سەرۆکی ئەمەریکا بکات.
هەروەها ئاماژەشی داوە، پێشبینی دەکرێت ترەمپ دیارییەکە قبووڵ بکات و لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بەو فڕۆکەیە گەشتی وڵاتان بکات، هاوکات دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتیی دامەزراوەی ترەمپ دەبێتەخاوەنی فڕۆکەکە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، فڕۆکەکە بەهای 400 ملیۆن دۆلارە، بەمەش دەبێتە بە نرخترین دیاریی کە پێشکەشی سەرۆکی ئەمەریکا کرابێت.
ئەو فڕۆکە تایبەتەی ئێستا دۆناڵد ترەمپ بەکاری دەهێنێت ناوی “ترامپ فۆرس وان”ـە، فڕۆکەکە جۆری Boeing 757ــه، کە بۆ یەکەم جار لە سەرەتای ساڵانی نهوهدهكان بهكار هێنراوه و ترەمپ لە ساڵی 2011 کڕیویەتی.
زانیاری لەبارەی Boeing 747-8
بە گوێرەی ڕۆژنامەی تایم ئایرۆسپەیس، Boeing 747-8 کە بە "جەمبۆ جێت" ناسراوە، نوێترین و گەورەترین وەشانی فڕۆکەی بەناوبانگی 747 Boeingــه. ئەم فڕۆکەیە بە شێوەیەکی تایبەتی و فەرمی بۆ خێزانی شاهانەی قەتەر دروست کراوە، هاوکات ئەم جۆرەی فڕۆکە بە شاژنی ئاسمانەکان ناسراوە.
فڕۆكهی Boeing 747-8 لە ساڵی 2012 دروست کراوە و لە ساڵی 2015 یهكهم گهشتی ئاسمانی دهست پی كردووه و توانای هەیە 436 کاتژمێر لە ئاسمان بمێنێتەوە، هاوکات توانای هەڵگرتنی 76 سەرنشین و 18 کەرمەندی فڕۆکەی هەیە و لە جۆری VVIPـیە.
هەروەها لە ناو فڕۆکەکەدا، ژووری سویت، هۆڵی کۆنفرانس، شوێنی نان خواردن، نووسینگەی کارکردن، دهرمانخانه، ژووری پێشوازیی مێوان لە دوو ئاستی جیاواز، 10 دەست شۆری گەورە، سیستەمی پەخشی پانسۆنیک و سیستەمی پێشکەوتووی کامێرا و ئاسایشی لە خۆ دەگرێت.
سەردانی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
هەینی 9ـی ئایاری 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: "سەرۆك ترەمپ چاوی لە گەڕانەوە مێژووییەکەیەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەفتەی داهاتوو سەردانی سعوودیە، قەتەر و ئیمارات دەکات و لەوێ سەرنجی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان دەبێت."
باسی لەوەش کرد، هەشت ساڵ لەمەوبەر سەرۆك ترەمپ سەردانی ئەو ناوچەیەی کرد و ستراتیژییەتی ئاشتی لە ڕێی هێزەوە بۆ سیاسەتی دەرەوە پێشکەش کرد، هەروەها لەو گەشتەیدا سەرۆك ئامانجی خۆی بۆ لەناوبردنی تیرۆر و توندڕەوی لە ناوچەکە باس کرد کە لە ماوەی ئیدارەکەیدا بە تێکشکاندنی تەواوەتی داعش و واژۆکردنی رێککەوتنامەی ئیبراهیمی، بە سەرکەوتوویی ئامانجەکەی بەدەست هێنا.