حەماس گفتوگۆی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێ کردووە
دوو بەرپرسی باڵای حەماس ڕایانگەیاندووە لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەبارەی ئاگربەستی غەززە دەست پێ کردووە، هاوکات ئەمەش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی نیگەران کردووە و ڕایگەیاندووە، پێشنیازێکی جیاوزتر لەوەی ویتکۆف دەخهینە ڕوو، بەشێوەییەک کەمترین سازش دەکەین و بارمتەی زیاتر ئازاد دەکەین.
یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، ئاژانسی فرانس پرێس لەسەر زاری دوو بەرپرسی باڵای بزووتنهوهی حەماسی فهڵهستینی ڕایگەیاند، لە دەوحەی پایتهختی قهتهر لە بارەی ئاگربەستی غەززە و دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان، گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ شاندی ئەمەریکی دەست پێ کردووە و گفتوگۆكانیش بەردەوام دەبن.
لەلایهكی دیکەوە بەرپرسێکی حەماس بە میدییایەکی عەرەبی ڕاگەیاندووه: هەندێک پێشکەوتن لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ویتکۆف لەبارەی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان بەدەست هاتوون.
هاوکات ستیڤ ویکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بە کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، ئەمەریکا دەیەوێت بارمتەکان بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئیسرائیل ئامادە نییە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
هەروەها کەناڵ 13ـی ئیسرائیلی لە سەر زاری بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ڕەنگە حەماس عێدان ئەلیکسەندەر، کە بارمتەیەکی ئەمەریکییە ئازادی بکات وەک ئاماژەیک بۆ ڕازیکردنی ترەمپ.
کەناڵ 12ـی ئیسرائیلییش لەسەر زاری بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاندووە، پێشنیازێکی جیاوازتر لە پێشنیازەکەی ویتکۆف دەخەینەڕوو، کە سازش کەمتر دەکەین و بارمتەی زیاتر ئازاد دەکەین.
ڕۆژی یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردبووەوه، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێگەی قەتەر و میسرەوە لەگەڵ حەماس دانوستان دەکات لەبارەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ مەبەستی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، ئەوەشی ئاشکرا کردبوو، ویتکۆف، هەروەها دەیەوێت لەگەڵ ئیسرائیلیش دانوستان بکات بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست و بەدیهێنانی ئاشتی لە کەرتی غەززە.