ئیسرائیل: ئازادکردنی بارمتە ئەمەریکییەکە هیچ پاداشتێکی نابێت
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئاگاداری ئازادکردنی ئەو بارمتە ئەمەریکییەن، بەڵام ئازادکردنی لە هێرشەکانمان بۆ سەر حەماس ڕامان ناگرێت و هیچ پاداشتێکیشی نابێت.
یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی ئازادکردنی بارمتە ئەمەریکییەکە لەلایەن حەماسەوە، بڵاوی کردەوە، ئازا کردنی عیدان ئەلیکسەندەری ئەمەریکی هیچ پاداشتێکی نابێت.
ئاماژەشی داوە، ئەمەریکا پێیان ڕاگەیاندووین کە ئازادکردنی ئەلیکسەندەر، نیازپاکی حەماسە بۆ ئازادکردنی بێ مەرجی بارمتەی زیاتر.
نووسینگەکە باسی لەوەش کردووە، لەسەر سیاسەتی فشارخستنە سەر حەماس لە دانوستانەکان و هێرشەکانمان بەردەوام دەبین.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی سێشەممە 13ـی ئایاری 2025 عیدان ئەلیکسەندەر ئازاد دەکرێت.
هەروەها ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، سبەی دووشەممە بۆ دڵنیابوون لە ڕێکارەکانی ئازادکردنی ئەو بارمتە ئەمەریکییە سەردانی ئیسرائیل دەکات.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئازادکردنی عیدان ئەلیکسەندەر، خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی ئەمەریکی و ئیسرائیلی، بەشێک دەبێت لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەو کەرتە.
ڕاشیگەیاند، گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمەریکا لەو بارەیەوە دەست پێ کردووە.