سعوودییە دەستی بە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیی ترەمپ کردووە
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوتووە، سعوودییە دەستی کردووە بە دانانی ئاڵای وڵاتەکەی لەگەڵ ئاڵای ئەمەریکا لە شەقامەکانی ڕیاز، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شانشینی سعوودییە.
ڤیدیۆکە، کاردانەوەی بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیای بەدوای خۆیدا هێناوە و تیشکیان خستووەتە سەر بایەخی سەردانەکە و مانای پێگەی جیهانی بۆ سعوودیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەرۆک ترەمپ یەکەم سەردانی خۆی دەکات لە دوای دەستبەکاربوونی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە 13 تا 16ی ئایار، لەنێویاندا بۆ سعوودیە، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەردانەکە ئەو پەیوەندییە ستراتیجییانە دەخاتە ڕوو کە ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ڕوونیشیکردەوە، کۆبوونەوەکان لەسەر پرسەکانی ئاسایشی ناوچەکە، بەرگریی، وزە و وەبەرهێنان، جگە لە هاوکاریی بەردەوام بۆ چارەکردنی ئاستەنگە هاوبەشەکان دەبێت.
بڕیارە لەم هەفتەیەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەدوای دەستبەکاربوونی و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی، بۆ یەکەمجار سەردانی شانشینی سعوودییە بکات.