نێچیرڤان بارزانی: خۆهەڵوەشاندنەوە و چه‌کدانانی پەکەکە ڕێگە بۆ دیالۆگێکی ڕاستەقینە دەکاتەوە
دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند، پێشوازیی لە بڕیاری 'پەکەکە' بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چه‌کدانان دەکەین، گوتیشی، ئەمە هەنگاوێکی چارەنوسسازە، ڕێگە بۆ دیالۆگێکی ڕاستەقینە دەکاتەوە کە پێکەوەژیان و سەقامگیریی لە تورکیا و سەرتاسەری ناوچەکە بەهێز دەکات.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
پێشوازیی لە بڕیاری 'پەکەکە' بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چه‌کدانان و به‌پیره‌وه‌چوونی بانگه‌وازی بەڕێز ئۆجەلان دەکەین و بە هەنگاوێکی چارەنووسسازى دەزانین کە لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە، نيشانه‌ى پێگەیشتنی سیاسييه و ڕێگە بۆ دیالۆگێکی ڕاستەقینە دەکاتەوە کە پێکەوەژیان و سەقامگیریی لە تورکیا و سەرتاسەری ناوچەکە بەهێز دەکات.
ئێستا كاتى ئه‌وه‌يه و هه‌مووان چاويان له‌وه‌يه ئەم هەنگاوە گرنگه بە هەنگاوی ديكه‌ى ئەرێنی و پێويست لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەڵام بدرێتەوە. ئه‌مه زەمینەیەکی دروست و گونجاو ده‌هێنێته ئاراوه و ده‌بێته بنەمای ئاشتییەکی هەمیشەیی و گشتگیر کە کۆتایی بە دەیان ساڵ له توندوتیژی و ئازار و مه‌ينه‌تى دەهێنێت و ناوچەکە بەرەو ئاسۆی نوێی پێشکەوتن دەبات.
وێڕای ستایش و پێ‌زانین بۆ ڕۆڵی سه‌رۆک ئه‌ردۆغان له پشتگیری‌کردن و هه‌وڵه‌کانی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌که، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه كه هەرێمی کوردستان وه‌ك هه‌ميشه پشتگیريی هه‌موو هەوڵێك بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەکات و هیوادارین ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە خاڵی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە. هه‌روه‌ها ئامادەيی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ به‌رده‌وامی له پێشکەشکردنی هه‌ر جۆرە يارمه‌تى و هاوكارييه‌ك بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوويیە.