بە فەرمی یانەی هەندرێن بووە پاڵەوانی جامی هەرێمی كوردستان

هەندرێن بۆ دووەم ساڵ لەسەریەك بووە پاڵەوان

ئاهەنگی یاریزانانی هەندرێن دوای تۆماركردنی گۆڵی دووەم بەرامبەر زاخۆ. ـ یاریگەی فرەنسۆ هەریری ـ 12 ئایاری 2025 - فۆتۆ: ئەحمەد كاوانی
ئاهەنگی یاریزانانی هەندرێن دوای تۆماركردنی گۆڵی دووەم بەرامبەر زاخۆ. ـ یاریگەی فرەنسۆ هەریری ـ 12 ئایاری 2025 - فۆتۆ: ئەحمەد كاوانی

لە یاریی كۆتایی جامی هەرێمی كوردستان، یانەی هەندرێن لە زاخۆی بردەوە و بۆ دووەم ساڵ لەسەریەك نازناوەكەی بەرز كردەوە، بەمەش لە جامی سووپەری كوردستان هەندرێن و شێروانە رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12 ئایاری 2025، لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێری پایتەخت لە یاریی كۆتایی جامی كوردستان هەندرێن و زاخۆ بەیەك گەیشتن.
یانەی هەندرێن یارییەكەی بە دوو گۆڵی بێوەڵام بردەوە، گۆڵەكانی هەندرێن لە لایەن سەنگەر عەبدولكەریم و شادومان سەباح تۆمار كران، لە دوایین خولەكی زیادكراوی یارییەكەش شڤان جەمیل كاپتنی یانەی زاخۆ لێدانێكی پێناڵتی لەدەست دا.
هەندرێن بۆ دووەم ساڵ لەسەریەك نازناوی جامی هەرێمی كوردستانی بردەوە، بەمەش لە جامی سووپەری كوردستان رووبەڕووی یانەی شێروانەی پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان دەبێتەوە.