زێلێنسکی: ئامادەم دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پوتن بکەم
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیا ئامادەیە، هیواشی خواست ئەو وڵاتە خۆی لە کۆبوونەوەکە نەدزێتەوە، هاوکات زێلێنسکی پشتگیری لە بیرۆکەی بەشداریکردنی سەرۆکی ئەمەریکا لە دانوستانەکە کرد.
دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: پشتگیری بیرۆکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاگربەستێکی گشتگیر و بێ مەرج دەکەم، گوتیشی: ئۆکرانیا ئەو ئاگربەستەی دەوێت و پابەندین بە ئاشتی و کۆتاییهێنان بەو جەنگە. بیرۆکەی بەشداریکردنی ترەمپ لە دانوستانەکەمان لەگەڵ ڕووسیا بەرز دەنرخێنم و پشتگیری دەکەم.
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەشی دا، پشتگیری پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بەڕێوەچوونی دانووستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەکەم و ئامادەمە بۆ ئەم گفتوگۆییە.
زێلێنسکی باسی لەوەشکرد، پێنجشەممە لە تورکیا دەبم، هیوادارم لایەنی ڕووسیا خۆیان لەو دانووستانە نە دزنەوە.
تاکو ئێستا ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە فەرمی وەڵامی داوا کارییەکەی زێلێنسکی و هاوپەیمانەکانی بۆ بەشداریکردن لە دانووستانەکە نەداوەتەوە.
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستانبۆڵ بەڕێوەبچێت.