ئاژانسێک: ئەحمەد شەرع دەیەوێت تاوەری ترەمپ لە دیمەشق دروست بکرێت

تاوەری ترەمپ لە دیمەشق
تاوەری ترەمپ لە دیمەشق

بە گوێرەی ئاژانسێکی ئەمەریکا، سەرۆک کۆماری سووریا، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لەم هەفەتەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوی بە سەرۆکی ئەمەریکا بکەوێت، هاوکات شەرع داوا دەکات تاوەری ترەمپ لە دیمەشق دروست بکرێت.

دووشەممە 12ـی ئایاری 2025،  ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، هەوڵ دەدات لە گەشتەکەی ترەمپ، بۆ سعوودیە، قەتەر و ئیمارات لەم هەفتەیەدا چاوی بە سەرۆکی ئەمەریکا بکەوێت و پێشنیازی دروستکردنی تاوەری ترەمپ لە دیمەشق و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و هەناردەکردنی نەوت و گازی سووریا پێشکەش بکات.

ڕۆیتەرز لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە ئاماژەی داوە، پێشنیازەکە لەلایەن جۆناسان باسەوە، چالاکوانێکی ئەمەریکی و لایەنگری ترەمپ لە 30ـی نیسانی ئەمساڵ لەکاتی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع پێشکەشی سەرۆکی سووریا کراوە.

هاوکات باسی لەوەش کردووە، جۆناسان باس لەگەڵ چەندین هاوپەیمانێکی عەرەبی کەنداو لە پشت پەردەوە کار لەسەر ڕێکخستنی ئەو کۆبوونەوەیە دەکەن.

لەو بارەیەوە جۆناسان باس بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، سەرۆک کۆماری سووریا بۆ داهاتووی وڵاتەکەی دەیەوێت ڕێککەوتنی بازرگانی بکات. جەختیشی کردەوە، ئەحمەد شەرع دەیەوێت ئابووری وڵاتەکەی چاک بکاتەوە و ناوچەکە سەقامگیر بکات.

بە گوتەی جۆناسان باس، کە ئەحمەد شەرع پێی ڕاگەیاندووە، دەیەوێت تاوەری ترەمپ لە دیمەشق دروست بکرێت، ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت.

دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاوی کردەوە، ئەحمەد شەرع ئامادەیە ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک بونیات بنێت، هاوکات ڕێگە بە ئیسرائیل بدات بوونی سەربازیی هەبێت لە باشووری ڕۆژئاوای سووریا.

ڕۆژنامەی تایمز ئاشکرای کردبوو، بڕیارە ئەحمەد شەرع لەو دیدارەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بکات بەرانبەر سازشکردنی سووریا لەسەر چەند پرسێک.

هەینی ڕابردوو 9ـی ئایاری 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتبووی: "دۆناڵد ترەمپ چاوی لە گەڕانەوە مێژووییەکەیەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەفتەی داهاتوو سەردانی سعوودیە، قەتەر و ئیمارات دەکات و لەوێ سەرنجی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان دەبێت."