ترەمپ گەیشتە سعوودییە

سەرۆکی ئەمەریکا، گەیشتە ڕیاز و چاوەڕێ دەکرێت ژمارەیەک ڕێککەوتنی ئابووری لەگەڵ سعوودییە و قەتەر و ئیمارات ئیمزا بکات. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ کرد و بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی ئایاری 2025،  گەیشتە ڕیاز و لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییەوە پێشوازیی لێ کرا.  

گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چوار ڕۆژ دەخایەنێت و دوای سعوودییە، سبەینێ چوارشەممە، 14-05-2025، دەچێتە قەتەر و پێنجشەممەش سەردانی ئیمارات دەکات.

پێشبینی دەکرێت گەشتەکە دۆناڵد ترەمپ بۆ سعوودییە، ئیمارات و قەتەر زیاتر بەمەبەستی ڕێککەوتنی ئابووریی بێت، نەک چارەکردنی قەیرانە ئەمنییە بەردەوامەکانی ناوچەکە، لەوانە شەڕی غەززە و بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

شاندێکی باڵا یاوەری دۆناڵد ترامپ دەکەن لەوانیش ئیلۆن ماسک، ملیاردێر و بەڕێوبەری وەزارەتی کارامەیی، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پێت هێکسێت، وەزیری بەرگری و سکۆت باسن، سکۆت باسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەش.

هەروەها دوێنێ دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەگەر پێنجشەممە گفتوگۆی باش لە نێوان شاندی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستەنبۆڵ بکرێت، ئەوە بە دووری نازانێت بچێتە تورکیا.

ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە باسی لەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت سعوودییە و قەتەر و ئیمارات بە بەهای ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو لە ئەمەریکا ڕابگەینن.

بەگوێرەی ئاژانسی "SPA"ـی سعوودییە، دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ بەرپرسانی سعوودییە و سەرکردەکانی کەنداو 10 پرس تاوتوێ دەکەن، لەوانە ئاسایشی ناوچەکە، وزە، بەرگریی و هاوکاریی ئابووریی دەبێت. هاوکات واشنتن هەوڵ دەدات هاوبەشی ستراتیجیی خۆی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە کەنداودا بەهێز بکات لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانی خێرای بارودۆخی نێودەوڵەتیدا.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، سەردانەکەی سەرۆک ترەمپ بۆ سعوودییە و وڵاتانی کەنداو تیشک دەخاتە سەر ئەو بایەخەی کە ئەمەریکا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەیدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەرۆک ترەمپ یەکەم سەردانی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات لە دوای دەستبەکاربوونی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا. 

دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، واشنتنی بە فڕۆکەی AIR FORCE ONE، بەرەو سعوودیە بەجێ هێشت.