سەرکردەی درووزەکانی ئیسرائیل: پشتیوانیی سووریایەکی یەکگرتوو دەکەین

شێخ موفەق تاریف، سەرکردەی ڕۆحیی کۆمەڵگەی درووزەکان لە ئیسرائیل، ڕایگەیاند، دەستوەردان و کاریگەری لەسەر بڕیارە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگەی درووزەکان لە سووریا ناکات.

شێخ تاریف لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لەبەر ڕۆشنایی ئەو نائارامی و تەحەددایانەی کۆمەڵگەی درووزەکان لە سووریا لەم دواییانەدا تووشی بووە، ئێمە ڕۆژانە و بەردەوامین لە پەیوەندیدا لەگەڵ شێخەکانمان لە سووریا، بۆ ئەوەی لە بارودۆخەکانیان بپرسین و تا دەتوانین هاوکاریان پێشکەش بکەین، بەگوێرەی دیدگا و بڕیارە ناوخۆییەکانیان، ئێمە دەستوەردان ناکەین، بەو هیوایەی شتەکان بەرەو چارەسەرە خوازراوەکان هەنگاو بنێن."

ئاماژەی بەوەش کرد، وەک بەدرێژایی ساڵانی قەیرانی سووریا ڕامانگەیاندووە و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو دووپاتمان کردەوە، لەسەر بنەمای پابەندبوونمان بە پاراستنی بەهای برایەتیمان، لەگەڵ گەل و براکانمان لە سووریا وەستاوین و پشتگیرییان دەکەین، و درێغی ناکەین لەو کارە. سەبارەت بە بڕیارە ستراتیجییە ناوخۆییەکان، ئەوان لە خەمی ئەو مەزهەبەن لە سووریا.

جەختیشی لەوە کردەوە، بانگەوازەکەمان بۆ ئەو مەزهەبە لە سووریا یەک و بەردەوامە، لە پاراستنی ناسنامە و وەرگرتنی جێگەی شیاوی خۆی لە زێدی یەکگرتووی سووریادا.

داواشی لە هەموو چین و توێژەکانی گەلی سووریا کرد، پێکەوە کاربکەن بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەی سووریا بۆ بەرژەوەندیی هەمووان، هاوکات هۆشیار بن بەرامبەر دەستە درێژەکانی تیرۆر کە هەوڵی تێکدانی کۆمەڵایەتی سووریا دەدەن.

باسی لەوەش کرد، ئێمە لە وڵات و سووریا و لوبنان قسە بۆ هەموو گەلەکەمان دەکەین، هۆشداری دەدەین لە ڕۆڵی نەرێنی سۆشیال میدیا لە گواستنەوەی هەواڵی نادروست و بڵاوکردنەوەی لێدوان و دەنگۆی ناڕاست. پێویستە بە هەموو بەرپرسیارێتی و وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکەین، بۆ ئەوەی نەکەوینە ناو فیتنە و ململانێی مەزهەبی هەڵبەستراو، هەروەها خۆمان بپارێزین لە قبوڵکردنی هەڵوێست و بەیاننامەکان لەلایەن کەسایەتی و سەرچاوە نافەرمییەکانەوە دەردەچن. و لەلایەن ئەو کەسانەی کە نوێنەرایەتیی مەزهەب و دامەزراوەکانی ناکەن لە ڕووی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە.

لە کۆتاییدا گوتیشی: هەڵوێستی کۆمەڵگەی درووزەکانمان لە وڵاتەکەدا پشتگیریی ئەندامەکانییەتی لە سووریا، لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەروەها بەردەوامبوونە لە داوای یەکڕیزی لەم قۆناغە چارەنووسسازە مێژووییەدا، هاوکات بەردەوامبوون لە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی داخستنی ڕیزەکان و یەکخستنی دەنگەکانمان و تێپەڕاندنی ناکۆکی بێهودە کە پێگەی ئێمە لاواز دەکەن و خزمەت بە بەرژەوەندیی ئەو کەسانە دەکەن ئیرادەی لاوازیان هەیە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment