ئەمەریکا بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار کەلوپەلی سەربازی دەفرۆشێتە ئیمارات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێشنیازێکی ئاراستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردووە بۆ فرۆشتنی فڕۆکە و کەلوپەلی سەربازی بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بە ئیمارات. 

نووسینگەی کاروباری سیاسی-سەربازی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕەزامەندی داوە بە بەهای ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار فڕۆکەی جەنگی و کەلوپەلی سەربازی بفرۆشنە ئیمارات.

هەوەها پاکێجەکە لە شەش هێلیکۆپتەری جۆری CH-47F Chinook و کەرەستەی دیکەی سەربازی بە بەهای یەک ملیار و 320 ملیۆن دۆلار لەخۆ دەگرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئیمارات ئەو کەلوپەلانە بۆ ڕووبەڕوووبونەوەی قەیرانە مرۆییەکان و فریاگوزارییە سەرەتاییەکان بەکاری دەهێنێت. ئاماژەشی داوە، ئیمارات هاوبەشێکی گرنگە لە سەقامگیریی سیاسی و ئابووری ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، جگە لە هێلیکۆپتەرەکان، بە بەهای 130 ملیۆن دۆلار فڕۆکەی ئێف 16 دەفرۆشرێتە ئیمارات.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئیمارات ئەو فڕۆکانە بۆ بەرگریی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی خۆی بەکاری دەهێنێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیار وایە دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممە لە گەشەتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی ئیمارات بکات.