کونسوڵی گشتیی ڕووسیا: هانی کۆمپانیا ڕووسییەکان دەدەین لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن

کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێڕ ڕایگەیاند، بەردەوام هانی کۆمپانیا ڕووسییەکان دەدەین بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان، وەبەرهێنان بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، ماکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێڕ، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، لەڕۆژی سەرکەوتنی ڕووسیا بەسەر نازییەکان ڕایگەیاند "پەیوەندی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی و کۆنە، پەیوەندیکانمان بە هەموو مانایەک تایبەتە، هەروەها ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەیوەندیمان گەشە دەکات. گفتوگۆ و لێکگەیشتنێکی سیاسی باش لە نێوانماندا هەیە، ئەمەش بە واتای ڕێبازی هاوشێوە بەرامبەر بە پرسە جیهانی و ناوچەییەکان بە هەمان شێوە. بەڵگەی ئەمەش گرێبەست و گفتوگۆکانی ئەم دواییەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سێرگی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوە لە ئەنتاڵیا. هەردوولا لەو وتووێژانەدا زۆر دڵخۆش بوون."
کونسوڵی گشتیی ڕووسیا دەڵێت: دوو کۆمپانیای ڕووسی، شانشین و کاستورنەفت، لێرە لە کوردستان کار دەکەن، هەروەها کۆمپانیایەکی هاوبەشمان هەیە بە ناوی کیبیسی، کوردستان و ئێمە حەزمان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانە بۆ دەرەوە و پشتگیری لەوەش دەکەین.
دەشڵێت: بێگومان وەک کۆمپانیاکانی دیکە، کۆمپانیاکانی ڕووسیاش کاریگەری وەستانی هەناردەکردنی نەوتیان لەسەر هەبوو.
کونسوڵی گشتیی ڕووسیا ئاماژەی بەوەش دا، ساڵانە حکوومەتی ڕووسیا 70 کورسی خوێندن بۆ قوتابیانی کوردستان دابین دەکات، تەنیا تایبەت بە کوردستان، بەبێ پارێزگاکانی عێراق.
سەبارەت بەوەی ڕووسیا لە ڕووی لۆجستییەوە چۆن پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە دەکات، ماکسیم ڕوبین دەڵێت: پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو وەزارەتەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان زۆر نزیکە، بە پێشمەرگەشەوە، زۆر هاوکاریی هێزی پێشمەرگەمان کردووە بۆ بەگریی کردن و هێرشکردنە سەر هێزەکانی داعش.
لە بارەی ئەوەی ئایا ئەم پاڵپشتی و هاوکارییانە تا ئیستا بەردەوامە بۆ پێشمەرگە کونسوڵی گشتیی ڕووسیا گوتی: ئێستا پەیوەندیی دۆستانەترمان هەیە. هەرچەندە ئەمانە بابەتی سەربازین. من نازانم لەوێ چی ڕوو دەدات، چونکە من پسپۆڕم لە بابەتە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکان. ناتوانم بە تایبەتی پێتان بڵێم ئایا ئەم پەیوەندیانە بەردەوام دەبن یان نا؟
سەبارەت بە کۆمپانیا ڕووسییەکان ماکسیم ڕوبین ڕاشیگەیاند "ئێمە بەردەوام هانی کۆمپانیا ڕووسیەکان دەدەین بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان، وەبەرهێنان بکەن، بەڵگەش بۆ ئەوە دوو هەفتە لەمەوبەر پەیوەندییەکی ڤیدیۆییم لەگەڵ زیاتر لە 80 کۆمپانیای ڕووسی هەبوو، لە کاتی گفتوگۆکەماندا باسی لایەنە ئەرێییەکانی بازاڕی کوردیم بۆیان کرد.