کشتوکاڵی دهۆک: بەرهەمی برنجی ئەمساڵ زیاتر لە 19 هەزار تۆنە

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ڕایگەیاند، ئەمساڵ 19 هەزار و 95 دۆنم زەوی بە برنج چێنراوە و پێشبینیش دەکەین بەرهەمەکەی 19هەزار و 95 تۆن بێت، بە بەراورد بە ساڵی پاریش ئەو بەرهەمە زۆر کەمی کردووە.

سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراو ئاگادارمانی کردووەتەوە، ئاوی بیرەکان بەکارنەهێنرێت بۆ ئاودانی مەرزە."

گوتیشی: ئەمساڵ لە ئامێدی چاندنی برنج قەدەغەیە، بەهۆی کەمبارانییەوە و نابێت بە هیچ شێوەیەک ئاوی بیر بۆ هیچ بەرهەمێک بەکار بهێنرێت.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک گوتیشی: ساڵی پار 24 هەزار و 836 دۆنم زەوی بە برنج چێنرابوو، بەرهەمەکەشی، 24 هەزار و 836 تۆن بوو.

ئەحمەد جەمیل، بەڕیوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ڕاشیگەیاند "ئەمساڵ 19 هەزار و 95 دۆنم زەوی بە برنج چێنراوە و پێشبینیش دەکەین بەرهەمەکەی 19هەزار و 95 تۆن بێت، بە بەراورد بە ساڵی پاریش ئەو بەرهەمە زۆر کەمی کردووە."