پۆلیسی سلێمانی: دوای کوژرانی کەسێک لە هەڵەبجە، تۆمەتبارەکەمان دەستگیر کرد

دوای کوشتنی کەسێک لە نێو بازاڕی هەڵەبجەی تازە لە قەزای شارەزوور، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆمەتبارەکەیان لە سەیدسادق دەستگیر کرد. 

سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیدسادقەوە تۆمەتبارێك بە ناوی ( أ ، ع ، ر  - تەمەن 24 ساڵ) دەستگیر كرا كە لەبەشی پۆلیسی شارەزوور بە تۆمەتی كوشتنی كەسێک داوا كراوە. هاوکات تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی دەست بە سەر کراوە.

هەروەها ڕوونیشی کردووەتەوە، شەوی ڕابردوو لە نێو بازاڕی هەڵەبجەی تازە لە قەزای شارەزوور، كەسێك بە گوللە كوژرا، دوای گەیشتنی مەفرەزەكانی پۆلیسی شارەزوور دەركەوت كە ڕووداوەكە بەهۆی كێشەیەكەوە بووە و تۆمەتبار بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە.

لە ڕەگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو  و  زانرا كە تۆمەتبار بەرەو قەزای سەیدسادق هەڵاتووە، سەرەنجام  توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیدسادقەوە بەهاوكاریی بەشی پۆلیسی شارەزوور، تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و لەناو قەزای سەیدسادق دەستگیر بكرێت.