ئێران: بڕیارەکەی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشوازیی لە بڕیارەکەی پەکەکە کرد و ڕایگەیاند، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە.
سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بارەی کۆنگرەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان ڕایگەیاند، پێشوازیی لە بڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان دەکەین، هاوکات ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ نەهێشتنی توندتیژی و سەقامگیریی ئاسایشی ناوەچەکە.
هەروەها هیواشی خواست ئەنجامی پرۆسەکە ببێتە هۆی سەقامگیریی زیاتر و ئاشتی لە تورکیا.
دووشەممە، 12-05-2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەڕێوە چوو.
پەکەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوە کردووە "خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و وێرانکاری لە دژی گەلەکەمان نەهێشتووە، پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندووەتە خاڵی چارەسەرکردن و لەم ڕووەوە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لە ژێر سەرکردایەتیی ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵلا ئۆجەلان)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن.