موراد قەرەیلان:  قۆناغی چەکدانان بەدی دێت کاتێک گۆڕانکارییەکی یاسایی بێتە ئاراوە

موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەمیانی کۆنگرەی 12ـەیەمی پەکەکە رایگەیاندووە، بۆ قۆناغی داهاتوو، قۆناغی چەکدانان بەم شێوەیە بەدی دێت کە گۆڕانکارییەکی یاسایی بێتە ئاراوە.

موراد قەرەیلان  گوتیشی، بۆ ئەوەی پەکەکە خۆی بپارێزێت، بێگومان پێویستە هەنگاو یاسایی لەلایەن دەسەڵاتەوە بنرێت، ئەگەر دەسەڵات باسی ئاشتیی ناوخۆیی دەکات، پێویستە دوژمنایەتی کۆتایی پێبێنێت.

 قەرەیلان، ئاماژەی بەوەشکرد، یاساکانی ئێستا زۆربەیان بوونی گەلی کورد ڕەتدەکەنەوە، هەربۆیە تەنها لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی لایەنی دەوڵەت، لەسەر ئاستی یاسایی و دادپەروەرییدا، پەکەکە دەتوانێت پرۆسەی چەک رادەست کردن جێبەجێبکات.

قەرەیلان  گوتیشی، ئەوان ستراتیژیی شەڕی چەکداری کۆتایی پێدەهێنن، بەڵام ئەگەر دەوڵەت ئەمە قبوڵ نەکات، بۆ ئەو گۆڕانکارییە یاساییانەی پێویستە، لە چوارچێوەی ئازادیی ئۆجەلان، لە چوارچێوەی کۆتایی هێنان بە شەڕ، کۆتایی هێنان بە دوژمنایەتی، ئەمە بە دی نایەت.

دووشەممەی ڕابردوو 12-05-2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەڕێوە چوو. 

پەکەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوە کردبوو "خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و وێرانکاری لە دژی گەلەکەمان نەهێشتووە، پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندووەتە خاڵی چارەسەرکردن، لەم ڕووەوە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کردووە، لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لە ژێر سەرکردایەتیی ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵلا ئۆجەلان)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن."