سەرۆکی بەڕازیل: داوا لە پوتن دەکەم لە تورکیا چاوی بە زێلێنسکی بکەوێت

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند "سەبارەت بە چارەنووسی شەڕی ئۆکرانیا، داوا لە ڤلادیمێر پوتن دەکەم لە تورکیا چاوی بە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی هاوتا ئۆکراینییەکەی بکەوێت."

سەرۆکی بەرازیل لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەکین ڕایگەیاند "هەوڵدەدەم قسە لەگەڵ پوتن بکەم. سەبارەت بە دانیشتن و دانووستان لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕی چەند ساڵە بێنن."

ڕۆژی دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مایک والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتنە ڕیاز. لای خۆیەوە میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە "بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە سعوودیە کۆ بوونەوە بۆ ئامادەکاری لەسەر کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و ململانێی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەڵام وادەی کۆبوونەوەکە دیاری نەکرا."

بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، هەردوو لایەنی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەیانەوێت بەخێرایی کۆتایی بە شەڕ بهێنن.

سوپای ڕووسیا لە 24ی شوباتی 2022 هێرشی فراوانی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێکرد و زیاتر لە سێ ساڵە جەنگەکە بەردەوامە.