کۆتایی ئەم هەفتەیە ئێران لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا کۆ دەبێتەوە
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئێران کۆتایی ئەم هەفتەیە لەگەڵ سێ زلهێزەکەی ئەورووپا لەبارەی کارا کردنەوەی ڕێککەوتنی 2015 تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆدەبنەوە.
ئاژانسەکە لەسەر زاری دوو بەرپرسی ئەورووپی و بەرپرسێکی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی هەینی 16ـی ئایارای 2025، شاندی ئێران لەگەڵ شاندەکانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ئیستانبۆڵ، تایبەت بە کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی 2015 بەرنامەی ئەتۆمی کۆ دەبنەوە.
دوو بەرپرسە ئەورووپییەکە ئاماژەیانداوە، گفتوگۆ لەگەڵ تاران لەسەر چەند پرسێکی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا دەبێت، بەڵام تەنیا لە بابەتی گفتوگۆکان ئاماژەیان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران داوە.
لەلایەن خۆیەوە ئێران هەوڵی ڕێگری لە سەپاندنی سزای زیاتری ئەورووپا بەسەر وڵاتەکەی دەکات و دەیەوێت لەگەڵ ئەو سێ زلهێزەی ئەورووپا لەسەر هەڵگرتن یان سووککردنی سزاکان بگاتە ڕێککەوتن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، ئەگەر تاران تاوەکوو مانگی ئابی ئەمساڵ لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا و ئەورووپا نەگەنە هیچ ڕێککەوتنێک، ئەوە ئەورووپا سزاکانی 10 ساڵ لەمەوبەر بەسەر ئێران دەسەپێنێتەوە.
دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گۆڤاری هەفتانەی 'لی پۆینتی فەرەنسی' نووسویەتی: ئێران هەوڵوێستی خۆی لە بەرانبەر بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکە ئاشکرا کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریشی داوەتە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا، کە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاران، بارودۆخێک دەخوڵقێنێت، کە بەهیچ شێوەییەک کۆنترۆڵ نەکرێت.
لە ساڵی 2015 هەر یەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، چین، ڕووسیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران لەسەر سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران ڕێککەوتبوون، کە بە ڕێککەوتنی 1+5 ناسرابوو، بەڵام لە ساڵی 2018 دا، دۆناڵد ترەمپ، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا بە بیانووی پێشێلکردنی ڕێکەوتننامەکە لەلایەن ئێرانەوە، لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە.
بڕیاربوو لە 2ـی ئایار 2025، بەرلە بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان تاران و واشنتن لە ڕۆما، ئێران لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەیان بەهۆکارێکی نادیار دواخرا.