ئەمەریکا گەشبینە حەماس بەمنزیکانە بارمتەکانی دیکەش ئازاد بکات

دوای گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و حەماس، دوو بەرپرسی ئەمەریکی گەشبینی خۆیان ڕاگەیاندووە، دەرفەتێکی باش هاتووە پێش تا لەگەڵ حەماس ڕێککەون، بۆ ئەوەی بارمتەکانی دیکەش ئازاد بکرێن.

ستیڤ ویتکۆف و ئادەم بۆلەر هەردوو نوێنەرەی تایبەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەلئەڤیڤ بە کەسوکاری بارمتەکانییان ڕاگەیاندووە، دەرفەتێکی زۆر باش هەیە کە هەموو ئەو بارمتانەی لە دەستی چەکدارانی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی (حەماس) ماون، ئازاد بکرێن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی ئاژانسی ڕۆیتەرز کەوتوون، 58 بارمتەی ئیسرائیلی دەستی حەماس ماون، بەڵام لەسەر زیندوومانەوەی 20ـیان دڵنیایی دراوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە چارەنووسی 38 بارمتەکەی دیکەی بکرێت.

دوای ئازادکردنی عیدان ئەلێکساندەری ئەمەریکی و سەربازی ئیسرائیلی، ئادەم بۆلەر نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ئازادکردنی بارمتەکان گوتی: پێم وایە ئێستا دەرفەتێکی باشتر هەیە بۆ ئازادکردنی بەرمتەکان، ڕەنگە حەماس لە نزیکترین کاتدا بە ڕێککەوتن ڕازی بێت، هیواییەک هەیە بۆ ئەوەی شتەکان بگۆڕدرێنن.

گرووپی خێزانە بارمتەکان کە نوێنەرایەتی کەسوکاری ئەو بارمتانە دەکات کە لە غەززە دەست بەسەر کراون، ڕایگەیاندووە، ئادەم بۆیلەر و ستیڤ ویتکۆف دوو کاتژمێر لەگەڵ کەسوکاری بارمتەکان کۆبوونەتەوە. ئاماژەشی داوە لە کۆبوونەوەکە ئەو دوو بەرپرسە ئەمەریکییە ڕایانگەیاندووە بۆ پرسی ئاگربەستی غەززە دەچنە دەوحە.

پێشتریش ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، شاندەکەیان بۆ پرسی غەززە دەچنە قەتەر، هاوکات بڕیاریشە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی قەتەر بکات.

لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دوای هێرشەکەی حەماس بۆ ئیسرائیل، 251 سەرباز و هاووڵاتیی ئیسرائیلی لەلایەن ئەو گرووپەوە بە بارمتە گیران.

ڕۆژی یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، عیدان ئەلیکسەندەر، خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی ئەمەریکی و ئیسرائیلی ئازادکرد، هاوکات ئەو ئازادکردنەش بەشێک دەبێت لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەو کەرتە.

ڕاشیگەیاند، گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمەریکا لەو بارەیەوە دەست پێکردووە.