ئەردۆغان: چاودێریی جێبەجی کردنی بڕیارەکە لەلایەن پەکەکەوە دەکەین
سەرۆکی تورکیا لە بارەی بڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندەوە و چەکدانان ڕایگەیاند، گرنگترین قۆناغی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەیە، داواش لە هەموو گرووپەکانی سەر بە پەکەکە دەکات پابەندی بڕیارەکە بن.
چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە کۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) گوتی: بڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و دانانی چەک، تورکیا دەباتە قۆناغێکی بێ تیرۆر، هەربۆیە سەردەمی تیرۆر، چەک، توندوتیژی و نایاسایی بەرەو کۆتایی دەچێت.
سەرۆکی تورکیا ئاماژەشی دا، جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەلایەن پەکەکەوە گرنگترین هەنگاوە، بۆیە دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیار و بەڵێنەکەی پەکەکە دەکات.
هاوکات داواشی لە ڕێکخراوەکانی دیکەی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا، ئەورووپا و ناوچەکانی دیکە کرد، پابەندی بڕیارەکەی سەرکردایەتی پەکەکە بن.
ئەردۆغان گوتیشی: بە چالاکانە بەشداری لە هەوڵەکانی سەقامگیرکردنی ئاشتی لە تورکیا و ناوچەکە دەکەین، چونکە تورکیا بووەتە ناوەندێکی ئاشتی و دیپلۆماتی لە ناوچەکەدا.
لەبارەی هەڵگرتنی سزاکان سەر سووریا، سەرۆکی تورکیا سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە ئەردۆغان بە تەلەفۆن بەشداری کۆبوونەوەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا بوو، کە لە ڕیاز بەڕێوەچوو.
دووشەممەی ڕابردوو 12-05-2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاندبوو کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەڕێوەچوو بوو.
پەکەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوە کردبوو "خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و وێرانکاری لە دژی گەلەکەمان نەهێشتووە، پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندووەتە خاڵی چارەسەرکردن، لەم ڕووەوە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کردووە، لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لە ژێر سەرکردایەتیی ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵلا ئۆجەلان)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن."
هەروەها موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەمیانی کۆنگرەی 12ـەیەمی پەکەکە رایگەیاندبوو، بۆ قۆناغی داهاتوو، قۆناغی چەکدانان بەم شێوەیە بەدی دێت کە گۆڕانکارییەکی یاسایی بێتە ئاراوە.
موراد قەرەیلان گوتیشی، بۆ ئەوەی پەکەکە خۆی بپارێزێت، بێگومان پێویستە هەنگاو یاسایی لەلایەن دەسەڵاتەوە بنرێت، ئەگەر دەسەڵات باسی ئاشتیی ناوخۆیی دەکات، پێویستە دوژمنایەتی کۆتایی پێبێنێت.