ھۆزی عەگیدات مانگێك مۆڵەت دەداتە ھەسەدە و ھێزەكانی ھاوپەیمانان

داواكراوە ئیدارەی دێرەزۆر رادەستی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بكرێت

K24 - ھەولێر:

ھۆزی عەگیدات سووری مۆڵەتی یەك مانگی داوەتە ھێزەكانی ھاوپەیمانان و تەواوی ھێزە كاریگەرەكان لە باكووری رۆژھەڵاتی سووریادا، لەوانیش ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانییان.

لە كۆتایی كۆبوونەوەیەكدا، كە گشت تیرەكان تێیدا بەشداربوون لە گوندێكی دێرەزوور، ھۆزەكە بەیاننامەیەكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا بەرپرسیاری لەدەستدەرچوونی رەوشی ئەمنی و نائارامی لە دێرەزووری خستە ئه‌ستۆی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێوده‌وڵەتی و ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) بەوەی دەسەڵاتی  ره‌های ناوچه‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌. ئەمەش لەو تیرۆركردنانە بە دیار دەكەوێت كە ھەندێك كەسایەتی ناوچەكەی گرتووەتەوە، كە دوایینیان تیرۆركردنی شێخ موتەشەر ئەلھەفل بوو، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌كانی ئه‌و هۆزه‌.

لە بەیاننامەكەدا داواكراوە لیژنەیەكی سەربەخۆ و پیشەیی بۆ لێكۆڵینەوە لە كوشتنی شێخ ئەلھەفل پێكبھێنرێت.

ھەروەھا داواكراوە ئیدارەی دێرەزوور رادەستی رۆڵەكانی ئەو ناوچەیە بكرێت و دوور لە بڕیاری ھیچ لایەنێك. ھەروەھا هه‌موو ده‌ستگیركراوه‌كانیان ئازاد بكرێن و ژن و مناڵەكانیش لە كه‌مپه‌كان بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌.

ھۆزەكە داوای لە ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گشت ھێزە كاریگەرەكان لە ناوچەكەدا كردووە، "پرۆسه‌ی چارەسەری سیاسی لە سووریا بەرەو پێشەوە ببەن".

لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا مۆڵەتی یەك مانگی لەدوای رێكەوتی بەیاننامەكەوە داوەتە ئەو ھێزانە بۆ جێبەجێكردنی داواكانیان.

ماوەیەكە سووریا، بە تایبەتی دوای رێككەوتنی ھەسەدە و كۆمپانیایەكی ئەمەریكا بۆ نوێكردنەوەی كێڵگە نەوتییەكان، ھەوڵ دەدات كێشە و ناكۆكی لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە وھێزەكانی ھاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی درووست بكات، بە مەبەستی رێگەگرتن لە و گرێبەستە و ھەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی.