سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتیی لاوان: مەسرور بارزانی هاوکاری زۆری قوتابییان و لاوانی کردووە
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی کوردستان لەشاری هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی کۆنگرەی یەکگرتنەوە ببەستن.
مەیسەر نهێلی، سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەچەند خاڵیک دا، جەختی کردەوە لەوەی کار لەسەر خۆشەویستی بۆ نیشتیمان و دروستکردنی بیڕووباوەڕێکی پتەو بۆ توێژی لاوان و قوتابییان لە کۆمەڵگادا بکرێت، پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی حکوومەت و پێشخستنی توانا هزریی و مرۆییەکانیان، بایەخدان بە تواناکانی ئافرەتان و وەرزش و چەندین بابەتی دیکە، تەوەری کۆبوونەوەکە بوون.
دەربارەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوەکە، سکرتێری یەکێتیی لاوان ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی 2023 لە کاتی کۆبوونەوەمان لەگەڵ مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشنیاری یەکگرتنی هەردوو رێکخراوی یەکێتی قوتابیان و لاوانی کرد، لەوکاتەوە تاوەکوو ئێستا بەوردی کاری لەسەر دەکرێت.
سکرتێری یەکێتیی لاوان گوتیشی: دوای وەرگرتنی سەرنج و پێشنیارەکان دەربارەی خاڵە ئەرێییەکانی یەکگرتنی ئەم دوو ڕێکخراوە، ڕوون کرایەوە کە یەکگرتنییان بۆ قۆناغی ئێستا پێویستە.
مەیسەر نهێلی، دەشڵێت: مەسروربارزانی، لە ماوەکانی ڕابردوو هاوکاری زۆری ماددی و مەعنەوی هەردوو ڕێکخراوەکە بووە، دڵنیام لە داهاتوودا هاوکارییەکان زیاتر دەبن.
سکرتێری یەکێتیی لاوان، باسی لەوەش کرد، کۆنگرەی یەکگرتنی هەردوو ڕێکخراوەکە نوێبوونەوەیە لەیەک ڕێکخراودا، ژمارەیەک قوتابی و لاوی نوێ، بەگڕووتینەوە دەستبەکار دەبن.
لەساڵی 1953 لەسەر داواکاریی بارزانیی نەمر، ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان دامەزرا.