دەم پارتی لەبارەی زمانی کوردی پێشنیازەیاسایەکی ئاراستەی پەرلەمانی تورکیا کردووە

ئەمڕۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان، جەژنی زمانی کوردییە و دەم پارتی پێشنیازەیاسایەکی بۆ بەفەرمیکردنی ڕۆژەکە، ئاراستەی پەرلەمان کردووە .

ڕۆژی 15ی ئایاری هەموو ساڵێک، وەک "جەژنی زمانی کوردی" لە تورکیا و باکووری کوردستان یاد دەکرێتەوە. پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتە کوردییەکانی باکووری کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-05-2025، بە چالاکیی جۆراوجۆر ئەم یادە پیرۆز دەکەن.

 هاوکات یەڵماز هون، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێشنیازەیاسایەکی ئاراستە پەرلەمان کردووە، تێیدا هاتووە: 15ی ئایاری 2006، لەلایەن گەلی کوردەوە وەک ڕۆژی زمانی کوردی ناسێنرا و تورکیاش پێویستە ئەمە بە فەرمی بکات و وەک جەژنێکی نەتەوەیی ڕایبەگەیەنێت.

 پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە "بەفەرمیکردنی ڕۆژی زمانی کوردی، نیشاندەرێک دەبێت بۆ گواستنەوەی دەوڵەت بۆ ڕێبازێکی یەکسانیخوازانە و فرەیی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی خۆی و سەروەت و سامانە کولتوورییەکانیان."

 شایەنی باسە ڕۆژی 15ـی ئایاری 1932، جەلادەت عەلی بەدرخان و کۆمەڵێک ڕۆشنبیریی کورد یەکەم ژمارەی گۆڤاری کوردی "هاوار"یان لە دیمەشق دەرکرد. بەم هۆیەوە ڕۆژی 15ـی ئایاری هەموو ساڵێک وەکوو جەژنی زمانی کوردی ڕاگەیەنرا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment