کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوان دەستی پێ کرد
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوان دەستی پێ کرد.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-05-2025، کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستی پێ کرد.
دوێنێ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025 ، مەسرور بارزانی لەگەڵ سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵ و خەباتی پڕ لەسەروەری هەردوو ڕێکخراوەکە کرد، کە ئێستا بە یەکگرتنەوەیان بەرەو قۆناخێکی نوێ و مێژوویی هەنگاو دەنێن.
هەروەها جێگری سەرۆکی پارتی، دەستخۆشیی لە مەکتەبی سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکان و کادیرانی هەردوو ڕێکخراوەکە کرد بۆ ئەرک و ماندووبوون و خەبات و کارکردنیان لە پێناو خزمەتکردنی توێژی قوتابیان و لاوانی کوردستان، هەروەها ڕایسپاردن کە بە شێوەیەکی کاراتر و چالاکانەتر بەردەوام بن لە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان لە پێناو زیاتر پەرەپێدانی تواناکانیان لە هەموو بوارەکاندا و برەودان بە هزری نیشتمانپەروەری و داکۆکی لە قەوارەی دەستووری و دەستکەوتە نیشتمانییەکان .