سوپای ئیندۆنیزیا 18 چەکداری جوداخوازی کوشت

گوتەبێژی سەربازی ئیندۆنیزیا ڕایگەیاند، شەڕی چەکداری لەگەڵ 'جوداخوازان' لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ڕووی داوە و لە ئەنجامدا 18 کەس کوژراون. 

پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیندۆنیزیا لە زاری گوتەبێژی سەربازیی وڵاتەکەیان بڵاویان کردەوە، سوپای ئیندۆنیزیا لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی لە ناوچەی 'ئینتان جایا' لە پارێزگای پاپوا لە ڕۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا، 18 چەکداری "جوداخوازان"یان کوشتووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

بزووتنەوەی جوداخوازان، بزووتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەرییە کە بە مەبەستی پێکهێنانی قەوارە یان دەوڵەتێکی نەتەوەیی، ئایینییە و داوای جیابوونەوە و سەربەخۆیی لە ئیندۆنیزیا دەکات ، ئەمەش لە ئەنجامی هەستکردن بە پەراوێزخستن و پشتگوێخستنە لەلایەن ئەو لایەنەی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە.