سەرۆک بارزانی: یەکگرتن، هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوان بەهێزتر و سەرکەوتووتر دەکات

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-05-2025، کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستی پێ کرد. 

سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "قوتابییان و لاوان ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریان هەبووە لە شۆڕشی ئەیلوول، لە شۆڕشی گوڵان، هەتا لە شەڕی داعش و من دڵنیام لەمەودواش دەتوانن ئەو ڕۆڵە باشتر و زیاتر ببینن." گوتیشی: "یەکگرتنی هەردووکتان ئێستا، زۆر زۆر ئەم ئەرکە ئاسانتر دەکات و سەرکەوتووتر دەکات، چونکە یەک بڕیار دەبێت و پێکەوە دەبن و یەک تەواوکاری ئەوەی دیکە دەبێت."

لەبارەی بەشداریی ئافرەتان لە هەردوو ڕێکخراوەکەدا، سەرۆک بارزانی گوتی: "زۆر خۆشحاڵم، پێش چەند ڕۆژێک کە لەگەڵ سکرتارییەتی هەردوولا دانیشتم، بیستم کە نیسبەتی ئافرەت زۆر بووە لە ناو قوتابییان و لاوان و مەعنای ئەوەیە لە ناو حیزبدا زیاتر دەبێت. ئەمە زۆر زۆر جێی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە و من تەوسییەتان دەکەم چەند بتوانن نیسبەتی ئافرەت زیاتر بێت. "