سەرۆک بارزانی: ئێستا بە ماددەی هۆشبەر شەڕمان لەگەڵ دەکەن
پێنجشەممە، 15-05-2025، سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوان، ڕایگەیاند "شەڕی جاران زۆر ئاسانتر بوو لە شەڕی ئێستا. جاران شەڕی فڕۆکە و تانک و تۆپ بوو. هەتا کیمیاباران، ئەنفال، بەڵام بڕوا بکەن شەڕی ئێستا زۆر مەترسیدارترە. شەڕی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمە. ئەو شەڕەمان لەگەڵ دەکەن، شەڕی نەهێشتنی بیروباوەڕە. شەڕی نەهێشتنی ئەوەیە کە تاکی کورد، ئیتر بڕوای بە خۆی نەبێت، ئومێدی نەبێت، بۆیە ئەم شەڕە زۆر سەختر و مەترسیداترە."
بە گوتەی سەرۆک بارزانی "بەشێکی زۆری بەرگریکردن لەم شەڕە ترسناکە، دەکەوێتە سەر شانی ئێوە (هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی لاوان و قوتابییان). دەبێت گەنجەکان پەروەردە بکەن، دوور بکەونەوە لەو شتانەی کە زیان بە خۆیان، خانەوادەیان و حزبەکەیان و میللەتەکەیان دەگەیەنێت. ئەوەی تووشی ماددەی هۆشبەر بوو، چوو، بەڵام ئەوەی بازرگانی پێ دەکات، ئەمە تاوانبارە، ئەوانەی دیکە قوربانین. دەبێت ئەم بابەتە زۆر بە جیددی وەربگیرێت و دەبێت زۆر بە توندیش موکافەحەی ئەم دیاردەیە ،مەترسیدارە بکرێت."