سەرۆک بارزانی: حکوومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای 50 بە 50 پێک ناهێنین
پێنجشەممە، 15-05-2025، سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوان، لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "دەبێت حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای یەک هەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان و هێزی پێشمەرگە پێک بهێنرێت."
سەرۆک بارزانی دووپاتیشی کردەوە "حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای 50 بە 50 پێک ناهێنین."
سەرۆک بارزانی گوتیشی: "بانگهێشتی سەرجەم ئەو لایەنانەمان کرد کە کورسیان لە پەرلەمان بەدەستهێناوە، بۆ ئەوەی حکوومەتێکی بنکە فراوان دروست بکەین، بەشێکیان ئۆپۆزسیۆنیان هەڵبژارد و ئێمە ڕێزی لێدەگرین."
بە گوتەی سەرۆک بارزانی "پارتی حیزبی ژمارە یەکە لەسەر ئاستی عێراق و ئەگەر دەنگەكانی پارتی بە هی كەركووك و نەینەواوە هەژمار بکرێن، لە یەك ملیۆن تێپەڕ دەبێت." باسی لەوەش کرد، هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر یەک بازنەیی بووایە، پارتی لە پێنج بۆ شەش کورسی زیاتری بەدەست دەهێنا.