سەرۆک بارزانی: قبووڵی ناکەین هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، مامەڵە لەگەڵ مووچەی هەرێم بکرێت
پێنجشەممە، 15-05-2025، سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوان، لەبارەی مووچەی فەرمانبەران، جەختی کردەوە "لەمەودا قبووڵی ناکەین هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، مامەڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. من ئەمە بە ئیهانە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی گەلی کوردستان و مێژووی پڕسەروەری ئەم میللەتە دەزانم. ئەم میللەتە بۆ مووچە شۆڕشی نەکردووە. ئەگەر تۆ کەرامەت و ئیرادەت هەبێت، هەموو کاتێک مووچەت دەبێت، بەڵام ئەگەر کەرامەت و ئیرادەت نەما، پارە چ قیمەتی هەیە."
سەرۆک بارزانی جەختی لە پێویستی چارەکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کردەوە و گوتی "نابێت هەموو مانگێک، بگوترێت، فڵان کەس ئیمزای لەسەر خەرجکردنی مووچە کرد یان نەیکرد، بۆ ئێمە دەرۆزەچین لەبەر دەرگای ئەوان؟ ئەوانەی هەموو ئامانجیان مووچەیە، با بچێتە لایان و هەر چ بڕیارێک دەدات، با بیدات. ئەوانەی کەرامە و ئیرادەیان لامەبەستە، پاراستنی مێژووی پڕسەروەری شەهیدانی کورد و کوردستانیان لامەبەستە، ئەوانیش بڕیاری خۆیان دەدەن."