سەرۆک بارزانی: بە هەموو توانایەکمانەوە پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی دەکەین

پێنجشەممە، 15-05-2025، سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوان، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەی ئەم جارە، لە دوو سێ جاری ڕابردوو جیاوازە بەو پێیەی هەموو حزبە سیاسییەکانی تورکیا، ئەوانەی لە دەسەڵاتن و ئەوانەشی کە ئۆپۆزیسیۆنن، پشتیوانیی پرۆسەکە دەکەن و هەمووان کۆکن لەسەر چارەکردنی پرسەکە. 

سەرۆک بارزانی دووپاتیشی کردەوە "هەموو کاتێک ئەگەر ڕێگەی چارەسەریی ئاشتییانە هەبێت بۆ هەر کێشەیەک و مرۆڤ ڕێگەی شەڕ بگرێتەبەر، خیانەتە. ئێستا مادەم ڕێگەی ئاشتی هەیە، ئێمە بە هەموو توانایەکمانەوە پشتیوانیی ئەم پرۆسەیە دەکەین و هەرچی لەسەر ئێمە پێویست بێت، دەیکەین و ئومێدەوارم پرۆسەکە سەربگرێت."

لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان، سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، هەوڵی یەکخستنی هەڵوێستیی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان داوە و هانی داون، ڕێگەی ئاشتییانە بگرنەبەر و دانوستان لەگەڵ دیمەشق بکەن.