دیندار زێباری لە جنێڤ: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بازرگانیی بە مرۆڤ بووەتەوە
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکردنی ڕاپۆرتەکانی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ لە کۆشکی ویلسن لە جنێڤ، گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بازرگانیی بە مرۆڤ بووەتەوە.
پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی گفتوگۆکردنی ڕاپۆرتەکانی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵی لە کۆشکی ویلسن لە جنێڤ، کرد و ڕاپۆرتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەبواری مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان لە هەرێمی کوردستان خوێندەوە.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی پێشکەشی کرد، لە نیسانی2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان "سیاسەتی پاراستنی منداڵانی لە هەموو توندوتیژی، دەستدرێژی و پشتگوێخستنێک پەسەند کردووە.
لەسەر ئاستی دادوەریدا تایبەت بە نەوجەوانانیش، تەمەنی بەرپرسیارێتیی تاوانکاری بۆ (11) ساڵ بەرز کراوەتەوە و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر منداڵاندا قەدەغە کراوە.
دیندار زێباری سەبارەت بەو کەسانەی خوار (18) ساڵین و پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەبووە گوتی: وەک قوربانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لیستێکی ئامادە کردووە زیاتر لە (100) منداڵی ونبووی هەڵەبجەی لەخۆگرتووە لە ساڵی 1988ـەوە بە مەبەستی ئاشکرا کردنی چارەنووسیان.
لەبارەی لەخۆگرتنی منداڵانی بێدایک و باوک، دیندار زێباری گوتی: لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، حکوومەت 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەم دەرامەتان تەرخان کردووە، لەوانەش ئەوانەیی بێدایک و باوکن کە تەمەنیان دەگاتە (18) ساڵ، بۆ ئەوەی تا تەمەنی (24) ساڵی تێیدا بژین.
لە بواری پەروەردەشدا لە چوارچێوەی پڕۆگرامی (گەڕانەوە بۆ خوێندن)، (33271) منداڵ گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن، لەبارەی هاوسەرگیریی کچانی خوار تەمەنی یاسایش زێباری گوتی: لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیریی کچانی خوار تەمەنی یاسایی، دادگاکان سەیری (313) داوایان کردووە، کە زۆربەیان لە کەمپی ئاوارەکان بوون، تیمی مەیدانی پێک هێنراون بۆ لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی.
زێباری ئاشکرای کرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤیش، هەڵمەتێکی نیشتمانی دەستی پێ کردووە بەم شێوەیە سەردانی (223) کۆمپانیا کراوە، (15) کەیس ڕەوانەی دادگا کراون، لەگەڵ دەستگیرکردنی (79) کەس و دەرکردنی حوکم بۆ (12)یان.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان میوانداریی زیاتر لە (856000) ئاوارە و پەنابەران کردووە و حکومەت (%80)ی پێداویستییە سەرەکییەکانیان دابین دەکات.