سکرتێری نوێی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا

شڤان مەحموود، بە سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا.

ئەمڕۆ 15ـی ئایاری 2025، کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێوەچوو.

هەردوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، یەکیانگرت و ناوەکەی گۆڕدرا بۆ رێکخراوی 'یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان'.

بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، 11 کەس وەک ئەندامی سکرتاریەتی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، دەستنیشان کران. دەنگەکان بەم شێوەیەی خوارە بوون:

1- ئەحمەد سەعید 209 دەنگ

2- مەتین عەلی 182 دەنگ

3- شڤان عەبدولڕەحمان 181 دەنگ

4- ئەڤین ئەنوەر 173 دەنگ

5- ڕێبین عەبدولسەلام 162 دەنگ

6- ئاکام عیرفان 155 دەنگ

7- مەنسور حوسێن 153 دەنگ

8- شڤان مەحموود 152 دەنگ

9- ناسکا سابیر 141 دەنگ

10- شنیار هۆشیار 126 دەنگ

11- دەوەن دلێر 112 دەنگ

بە دەنگی ئەو 11 کەسەی کە وەک ئەندامی سکرتاریەتی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردرابوون، شڤان مەحموود، ناسراو بە شڤان کوردستانی، بە سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، هەڵبژێدرا.

 شڤان مەحموود، سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان

دوێنێ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025 ، مەسرور بارزانی لەگەڵ سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە.

 لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵ و خەباتی پڕ لەسەروەری هەردوو ڕێکخراوەکە کرد، کە ئێستا بە یەکگرتنەوەیان بەرەو قۆناخێکی نوێ و مێژوویی هەنگاو دەنێن.

هەروەها جێگری سەرۆکی پارتی، دەستخۆشیی لە مەکتەبی سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکان و کادیرانی هەردوو ڕێکخراوەکە کرد بۆ ئەرک و ماندووبوون و خەبات و کارکردنیان لە پێناو خزمەتکردنی توێژی قوتابیان و لاوانی کوردستان، هەروەها ڕایسپاردن کە بە شێوەیەکی کاراتر و چالاکانەتر بەردەوام بن لە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان لە پێناو زیاتر پەرەپێدانی تواناکانیان لە هەموو بوارەکاندا و برەودان بە هزری نیشتمانپەروەری و داکۆکی لە قەوارەی دەستووری و دەستکەوتە نیشتمانییەکان .

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment