بەهۆی "سووکایەتیکردن بە پێغەمبەر" دوو کەس لە هیندستان کوژران

60 کەسیش برینداربوون و ماڵی پەرلەمانتارێک سووتێنرا

K24 - هەولێر

بەهۆی "سووکایەتیکردن" بە پێغەمبەری ئیسلام لە پۆستێکی فەیسبووک، ئاڵۆزی لە شاری بەنگلۆری هیندستان دروست بوو، هەزاران خۆپیشاندەر رژانە سەر شەقامەکان و دوو کەسیش کوژران.

بەرپرسانی بەنگلۆر، کە گەورەترین شاری باشووری هیندستانە، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12-8-2020) رایانگەیاند بەلایەنی کەمەوە 60 کەس برینداربوون، کاتێک ئێوارەی دوێنێ خۆپیشاندەرانی توڕە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی پۆلیس و ماڵی پەرلەمانتارێکیان سووتاندووە، کە برازاکەی ئەو پۆستەی لە فەیسبووک کردبوو.

پۆلیسی ناوچەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوتووە، لە خۆپیشاندانی رۆژی سێشەممەشدا، ئەوان تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەران کردووە و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە، بۆ ئەوەی بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن، لەئەنجامدا سێ کەس بە سەختی بریندار بوون، کە یەکێکیان رۆژنامەنووسە.

بەپێی میدیاکانی هیندستان، ئەو دوو کەسەی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، هەردووکیان لەئەنجامی بەرکەوتنی گوللـە کوژراون.

کەمال پانت، کۆمیسیاری پۆلیسی بانگلۆر لە توویتەر نووسویەتی "برازای پەرلەمانتارەکە بەهۆی ئەو پۆستەوە دەستگیرکراوە، هەروەها 100 کەسی دیکەش لە خۆپیشاندەران بە تۆمەتی تێکدان و نانەوەی پشێوی دەستگیرکراون، ئێستاش رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە".

دۆخی بانگلۆر بەجۆرێک ئاڵۆز بووە، نزیکەی 10 هەزار پۆلیس بڵاوەیان پێکراوە بۆ پاراستنی ئاسایش و لە هەندێک شوێنی شارەکەشدا قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندراوە.

هەرچەندە هیندستان وڵاتێکی عەلمانییە، بەڵام مێژوویەکی دوورودرێژی لە تووندووتیژیی نێوان هیندۆسی زۆرینە و موسڵمانی کەمینە هەیە، بەجۆرێک تەنیا لەماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە 50 کەس لەسەر ئایین لە نیودەلهیی پایتەختی هیندستان کوژراون، کە زۆرینەیان موسڵمان بوون.

Fly Erbil Advertisment