کۆشکی سپی: گەشتەکەی ترەمپ سەرکەوتنێکی مەزن بوو بۆ ئەمەریکا

سەرۆکی ئەمەریکا، دوای ئیمزاکردنی ژمارەیەک ڕێککەوتنی ملیاری لەگەڵ سعوودیە، قەتەر و ئیمارات کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا و گەڕایەوە واشنتن، کۆشکی سپی لە بارەی گەشتەکەی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

هەینی 16ـی ئایاری 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ سعوودییە، قەتەر و ئیمارات نووسیویەتی: یەکەم گەشتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دەرەوەی وڵات سەرکەوتنێکی گەورەبوو و ڕێککەوتنی مەزنی لێ بەرهەمهات بۆ ئەمەریکا.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، لەبارەی بەهای ڕێککەوتنەکانەوە ڕاگەیاندووە:

سعوودییە

دۆناڵد ترەمپ پابەندبوونی سعوودیە بە بڕی 600 ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنان لە ئەمەریکا ڕاگەیاند، کە سەردەمێکی مێژوویی نوێی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات دەست پێ دەکات.

قەتەر

سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ قەتەر ڕێککەوتنێکی بە بەهایی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووری نێوانیان ئیمزاکرد. 

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ قەتەر ڕێککەوتنێکی ئابووریی بە کۆی گشتی زیاتر لە 243.5 ملیار دۆلار ڕاگەیاند، کە پێکهاتووە لە فرۆشتنی فڕۆکەکانی بۆینگ و بزوێنەری جی ئێی ئایرۆسپەیس بە هێڵی ئاسمانی قەتەر.

ئیمارات

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، زیاتر لە 200 ملیار دۆلار گرێبەستی بازرگانی نێوان ئەمەریکا و ئیماراتی ئیمزا کردووە.

بەم شێوەیەش دۆناڵ ترامپ بە بەهای زیاتر لە 2 ترلیۆن دۆلاری وەبەرهێنان لەگەڵ ئەم سێ وڵاتە بۆ ئەمەریکا مسۆگەر کردووە.

ڕۆژی سێشەممە 13ـی ئایاری 2025،  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەیشتە ڕیاز و لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیەوە پێشوازیی لێ کرا، گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ کرد.