کۆمەڵەی بانکی جیهانی: سووریا دەتوانێت قەرزی بنیاتنانەوە وەرگرێت

سعوودیە و قەتەر بە پێدانی یارمەتی دارایی فریای حکوومەتی نوێی سووریا کەوتن بۆ قەرزەکانی بداتەوە، بەمەش دەرفەتێکی نوێی هاتووەتە بەردەم دیمەشق تا بتوانێت داوای قەرزی نوێی نێودەوڵەتی بکات بۆ ئەوەی ژێرخانەی وڵاتەکەی بنیاد بنێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ هەینی 16ـی ئایاری 2025، بڵاوی کردووەتەوە، کۆمەڵەی بانکی جیهانی ڕایگەیاندووە، لە 12ی ئایارەوە، سووریا هیچ قەرزێکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDA) لەسەر نییە، کە سەر بە سندوقی بانکی نێودەوڵەتییە و تایبەتە بە هاوکاریی و پێدانی قەرز بە وڵاتانی هەژار.

هەروەها ئاماژەیداوە، دوای ئەوەی قەتەر و سعوودییە هاوکاریی دارایی سووریایان کرد، ئەو قەرزەی کە لەسەری بوو بەبڕی 15 ملیۆن 500 هەزار دۆلار، لەسەری هەڵگیرا. بەمەش حکوومەتی سووریا بۆ پشتگیری دارایی و  بنیاتنانەوەی وڵاتەکە دەتوانێت داوای قەرز لە کۆمەڵەی بانکی جیهانی بکات.

لە مانگی نیسانی 2025، قەتەر و سعوودییە ئامادەیی خۆیان پیشاندا لە ڕێگەی چەند بانکێکەوە قەرزە کەڵەکەبووەکانی سووریا بدەنەوە.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە سعوودییە ڕایگەیاند، هەموو سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت، هاوکات لە لێدوانێکی جیاوازدا ستایشی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای کرد و بە پیاوێکی بەهێز ناوی برد.