کەناڵێکی ئیسرائیلی: سووریا و ئیسرائیل بە نهێنی کۆبوونەتەوە

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵێکی ئیسرائیلی، سووریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئیمارات و بە ئامادەبوونی تورکیا، کۆبوونەوەیەکی نهێنیان لە بارەی ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی کردووە.

هەینی 16ـی ئایاری 2025، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە نێوان سووریا و ئیسرائیل لە ئازیربایجان بەڕێوە چوو.

بە گوێرەی ئەو کەناڵە ئیسرائیلییە، کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیری ئیمارات بووە و  نوێنەرانی تورکیاش تێیدا بەشدار بوونە.

هەروەها ئاماژەشی داوە، پرسی ئەندامبوونی سووریا لە ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی تاوتوێ کراوە.

لەلایەکی دیەکوە کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل و ئیدارەی نوێی سووریا، لەم دواییەدا گفتوگۆی راستەوخۆی ئەنجام داوە، ئەمەش پێشهاتێکی دەگمەنە، کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی کۆماری سووریا، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، حکوومەتەکەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام داوە، لەبارەی وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا.

ڕۆژی چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە سعوودییە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد بن سەڵمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و ڕەجەب تەئیب ئەردۆغان بە ئۆنڵاین بەشداربوون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کۆشکی سپی، لە کۆبوونەوەکەدا ترەمپ داوای لە ئەحمەد شەڕع کردووبوو، ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزابکات.